هەرێم شێرە
لە دوای 31ی ئاب،
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی پارتی کردبوو،
لە کۆبوونەوەکە فەرماندەکان باسی ڕۆڵی خۆیان لە گرتنەوەی شاری هەولێر و شکاندنی
هێزەکانی یەکێتیان بۆ سەرۆکی پارتی کردبوو، لە پڕێک سەرۆکی پارتی قسە بە
فەرماندەکان دەبرێت و دەست دەکاتە جیهازە (لاسلک)ەکەی و دەڵێت: "ئەوەی
هەولێری گرتەوە نە ئێوە بوون نە جەماوەری پارتی بوو، بەڵکو ئەو جیهازە لاسلکیە
بوو". دیارە مەبەستی لەو پەیوەندییە بوو کە لە رێگای ئەو جیهازەوە لەگەڵ حزبی
بەعسی کرد بۆ گرتنەوەی شاری هەولێر.
ئەمڕۆش کە
ئەنجامی هەڵبژاردن راگەیاندرا ئەوەی بووە هۆی سەرکەوتنی پارتی و یەکێتی، سەرۆک و
مەکتەبی سیاسی و جەماوەرەکەی نەبوو، بەڵکو ئەو جیهازە بوو کە لە ناو سندوقەکانی
دەنگدان بۆ خۆیان دیزاینیان کردبوو. هەر بۆیە نە ئاهەنگیان گێرا نە پیرۆزباییشیان
لە کەس کرد.
بەپێی هەموو
راپرسی و پێشبینییەکانی پێش هەڵبژاردن بێت پارتی لە نێوان 28 بۆ 32 کورسی بەدەست
دەهێنا، کەچی وەک بینیمان 39 کورسی بەدەست هێنا ئەمەش ئەوەدەگەیەنێت کە یەکێتی لە
ڕێکەوتنی دیزاینی هەڵبژاردندا تەنها ڤیتۆی لەسەر دەنگەکانی بەرەی گەل هەبووە ،
تەنها و تەنها ویستویەتی بەرەی گەل دەنگ نەهێنێت. ئەگینا هیچ کێشەی لەگەڵ
زیادبوونی ژمارەی کورسی و دەنگەکانی پارتی و نەوەی نوێ نەبووە. چونکە وەک دەبینین
یەکێتی بەوە رازی بووە کە جیاوازی کورسیەکانی لەگەڵ پارتی 16 کورسی بێت، جگە لەوەش
کە پارتی بە نزیکەی 400 هەزار دەنگ لە پێشەوەی یەکێتییە .
ئێستا پارتی بۆ
پێکهێنانی ئەم كابینەیە جگە لە کورسیەکانی کۆتا، پێویستی بە 9 کورسی ترە ،بۆیە
ئەگەر دیزاینی هەڵبژاردن نەکرابا ئێستا پارتی بە لایەنی کەمی پێویستی بە 18 کورسی
تر دەبوو بۆ پێکهێنانی كابینەكە بەمەش پارتی دەبوو چەند لایەنێک رازی بکات بۆ
ئەوەی كابینەی داهاتوو پێکبهێنێت و ناچار دەبوو بەشێک لە پۆستە سیادیەکانی بدات بە
لایەنەکان لە ئەنجامدا پارتی لە كابینەی داهاتودا ئەو دەسەڵات و هێزەی جارانی
نەدەبوو. لە بەرامبەردا یەکێتی جگە لە کورسی کۆتاکان پێویستی بە 26 کورسی تر هەیە
بۆ ئەوەی كابینەی ئەمجارە پێکبهێنێت ئەمەش جگە لە ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی زۆر زەحمەتە..
بۆیە رازی بوونی
یەکێتی بە 39 کورسیەکەی پارتی خیانەتێکی گەورە بووە لە هەموو لایەنەکان ، چونکە بە
پێی هەموو ئەو ژمارەو داتانەی كۆمسیۆن بێت ئەو دەنگانەی بە پێی دیزاینەکە لە
بازنەی هەولێر بۆ پارتی چووە ،دەنگی لیستەکانی بەرەی گەل و هەڵوێست و کۆمەڵ بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەرەی
گەلیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە بوینە پارتی و لە پارتی نزیکن، کەچی خۆیان لەگەڵ
پارتی ڕێککەوتن بۆ ئەوەی بەشێکی دەنگەکانی بەرەی گەل بۆ پارتی بێت. ئیتر ئیمزا
کردن لەسەر رازی بوون بە ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە جا هەر چ لایەن و حزبێک بیکات
خیانەتێکی نیشتمانیی گەورەیە.