دهنگوباس:
بهگوێرهى سهرچاوهكانى ههواڵ، کورد چوار کێشەی لەسەرژمێریدا هەیەو بهو هۆیهشهوه ئهگهرى ههیه لەهەرێمی کوردستان پرۆسەکە دوابخرێت.
لهناو لیژنەی باڵای سەرژمێریی لەعێراق ناکۆکیی هەیە لەبارەی چۆنێتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، کورد لانیکەم چوار کێشەی هەیە داوادەکات دوابخرێت.
لیژنەکە پێشتر لەگەڵ پهرلهمانى عێراقو سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونە ڕێکەوتنی کۆتایی، بڕیارە لەگەڵ سەرۆک وەزیران دوایین کۆبوونەوە بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، چوار کێشەی سەرەکی هەن ئەگەر ئەوانە چارەسەرنەکرێن، ناتوانرێت لە 20ی 11ی 2024 سەرژمێریی لەهەرێمی کوردستان بکرێت.
لیژنەی باڵای سەرژمێریی لە 18 کەس پێکهاتووە بەمشێوەیە، وەزارەتی نێوخۆی عێراقو هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پلاندانانی عێراقو هەرێمی کوردستان، وەزارەتی بازرگانی عێراقو هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کۆچو کۆچبەرانی عێراق، بەڕێوەبەرێتی کۆچو کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان، دەستەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەو لایەنانە هەر یەکەیان دوو نوێنەریان لەلیژنەکەدا هەن.
بەشی زۆرینەی گەمارۆسازییو ژمارەلێدان لەعێراقو هەرێمی کوردستان تەواوبووە، عێراق لە 1ی ئەیلولی 2024 دەستیپێکردووە 95٪ی تەواوبووە، هەرێمی کوردستان لە 1ی تشرینی یەکەمی 2024 دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێوارەی 30ی 10ی 2024 بەنزیکەیی 92٪ی گەمارۆسازییو ژمارەلێدانی تەواوکردووە.
لەوکاتەدا کە ئەم ڕاپۆرتەم ئامادەدەکرد، کارمەندانی گەمارۆسازییو ژمارەلێدان سەرژمێریی لەدەرگەی ماڵەوەیاندا، شەش پرسیاریان کرد، ناوی سەرۆک خێزان، ژمارەی ئەندامانی خێزان، خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون، پرسیاری نەتەوە، ژمارەی خێزان لەنێو ماڵەکە.
#باشووری کوردستان