کوردستان

مەسرور بارزانی دەڵێت کارەبا دەکەینە 24 كاتژمێریی و وتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت ناتوانین

30/10/2024

دەنگوباس
وتەبێژی وەزارەتی کارەبا، بەدوورى دەزانێت بەمزووانە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنى کارەباى 24 کاتژمێریى.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژى وەزارەتى کارەبا ڕایگەیاند، "ئێستا توانای بەرهەمهێنانى رۆژانەى کارەبا بڕی سێ هەزار مێگاواتە و خواستیش زیاتر لە 3 هەزار و 500 مێگاواتە، واتە بڕی 500 مێگاوات کورتهێنان هەیە، تاوەکو بەرەو وەرزی سەرماش بڕۆین خواست زیاتر دەبێت".

وتەکانى ئومێد ئەحمەد لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەتى کارەبادا تاوتوێى هەنگاوەکانی پرۆژەی "رووناکی کارەبای 24 کاتژمێریی" کراوە و باس لەوەکراوە، سەڕەرای ئەوەی پڕۆژەیەکی "گرنگ و ستراتیجییە" بۆ چارەسەری بنەڕەتی کارەبا و لەلایەن هاوڵاتییانیشەوە، پێشوازییەکی باشی لێکراوە. ئاماژەبەوەشکراوە ئەم پرۆژەیە فراوانتر دەبێت.

ئومێد ئەحمەد، بۆچوونى وایە پێش ئەوەی کارەبا بکرێتە 24 کاتژمێریی پێویستە چەند رێکارێک بگیرێنەبەر، لەوانە "توانای بەرهەمهێنان زیادبکرێت، خواست کۆنتڕۆڵبکرێت، کارەبا بە پێوەری زیرەک و بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان رێکبخرێت".