کوردستان

تونجەر باکرهان: دەرگای ئیمراڵی بکەنەوە کێشەکان چارەسەر ده‌بن

27/10/2024

ده‌نگوباس:

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی‌و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) په‌یامێك ئاراسته‌ى حكومه‌تى توركیا ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بۆ پرۆسەی چارەسەری، عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەردانوستاندنکارە، دەرگەی ئیمراڵی لێ بکەنەوە، لەو باوەڕەداین کێشەکان بەڕێگەچارەی دیموکراسیی چارەسەردەکات".


تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕاشیگه‌یاند، "ئۆجەلان لەپەیامەکەیدا ئەوەی خستبووەڕوو کە ئەگەر زەمینه‌ى یاسایی‌و سیاسیی بۆ فەراهەم بکرێت، دەتوانێت لەهەموو بوارێکدا بۆ چارەسەری دیموکراسییانەی کێشەی کورد ڕۆڵ بگێڕێت".
 
باکرهان جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، "لێرەوە بەدەسەڵات دەڵێین، ئەو مشتومڕانەی دەستتان پێکردووە؛ نازانن چۆن کاری لەسەربکەن‌و لەکوێوە دەستپێبکەن‌و تەنانەت قسەکانیشتان ڕوون نییە، قسە دەکەن، بەڵام لەئەرزی واقیعدا هیچ کردارێکی نییە، لێرەوە پێتان دەڵێین، کۆڵەگەی سەرەکیی پرۆسەی چارەسەریی، سەردانووستاندنکارمان ئۆجەلانە".
 
داواشیكردووه‌، "دەرگای ئیمراڵی بکەنەوەو گوێ لەبیرۆکەو پێشنیازو پڕۆژەکانی ئۆجه‌لان بگرن، دەرفەتی پێبدەن دیدارو گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکانی تورکیا، لەگەڵ ڕەنجدەران‌و هەژاران‌و کوردەکان‌و پارتەکەی خۆیی‌و هەڤاڵانی بکات، ئێوە باس لەچارەسەری دەکەن هەرچەندە هیچ شتێک لەبارەی چارەسەرییەوە لەئارادانییە، فەرموون دەرگەکان بکەنەوە‌و دەرفەتی زەمینه‌ى یاسایی‌و سیاسیی بۆ بڕەخسێنن، دڵنیاین ڕۆڵێکی زۆر باڵا دەگێڕێت، ئەو کەلەپچەیەی تەمەنی 100 ساڵە کە دەست‌و قاچی گەلانی تورکیای پێ قۆڵبەستکراوە لەو باوەڕەداین بەڕێگەی دیموکراسییەوە چارەسەری دەکات".


#باکووری کوردستان