دەنگوباس
رۆژنامەى شەرقئەوسەت لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، بەرلە ئەنجامدانى هێرشەکەى ئیسرائیل بۆ سەرئێران نێوەندگیرێکی عێراقى پەیامى ئەمریکییەکانى گەیاندوەتە تاران.
سەرچاوەکە رایگەیاندووە نامەکە لە بەرپرسانى باڵیۆزخانەى ئەمریکاوە لە بەغدا دراوە بە کەسێکى عێراقى و تیایدا ئەو شوێنانە دیاریکراوە کە هێرش ناکرێتە سەریان لە لایەن ئیسرائیلەوە.
بە گوێرەى سەرچاوەکە، تاران لە پەیامەکە و ئاستى هەوڵەکانى ئەمریکا تێگەیشتووە کە نایانەوێت جەنگەکە فراوانتربکەن، لەگەڵ ئەوەشدا نایانەوێت چی دیکە ئێران وەڵام بداتەوە تا لانى کەم کێشەکان لەو ئاستەدا بمێنێتەوە.
هاوکات سەرچاوەکە رایگەیاندووە ئەمریکییەکان جەختیان کردووەتەوە کە هەردوولا واز لە وەڵام و وەڵامکاریی بێنن، جەختى کردووەتەوە کە قەبارە و ئاستى وەڵامەکەى ئیسرائیل بۆ ئێران هەلێکى گەورەى داوە بە ئێران تا لەو مەترسییانە دووربکەوێتەوە کە لە دەست دەربچێت و نەتوانێت کۆنترۆڵێ بکات.