ڕۆژى 5ی تشرینی دووەمى ئهمساڵ ئهمریكا ههڵبژاردن بهڕێوهدهبات بۆ دیاریكردنى 47مین سهرۆك بۆخۆى، لەم هەڵبژاردنە 244 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، ئەو کەسەشی دەبێته سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا، دهبێت لەکۆی 538 ئەندامی کۆلێژی هەڵبژاردن، دەنگی 270 یان زیاتری ئەندامانی ئەو کۆلێژە بەدەستبهێنێت.
ئاژانسى ڕۆیتهرز ڕاپرسیهكى ئاشكراكردووهو نووسیویهتى:"زۆرینهى بهشداربووان پێیانوایە، کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان، براوەی هەڵبژاردن دەبێت".
تهنها 10 ڕۆژی ماوه دیاریكردنى سهرۆكێكى نوێ بۆ ئهمریكا، هاووڵاتیانی ئەمریکا دەچنەسەر سندووقەکانی دەنگدانو سەرۆکی وڵاتەکەیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەڵدەبژێرن.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا یەکێکە لەگرنگترین هەڵبژاردنەکانی جیهان، هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتیی ویلایهتهیهكگرتووهكان لەساتێکی هەستیاردایەو چەندان ململانێی سەربازییو ئاڵنگاریی بەرۆکی جیهانیان گرتووە، بهتایبه لهڕۆژههڵاتى ناوهڕاست.
لەئەمریکا دوو حزب هەنو هەر حزبەو کاندیدێکیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەیە، دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکانو کامالا هاریس-یش، کاندیدی دیموکراتەکانە، ئەگەر هەریەکێک لەم کاندیدانە براوەبوونو بوونە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا، لە 20ی کانوونی دووەمی 2025 دەچێتە کۆشکی سپیو دەستبەکاردەبێت.
بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ، 244 ملیۆن کەس لە 50 ویلایەت مافی دەنگدانیان هەیە.
ئەوکەسانەی تەمەنیان 18 ساڵ یان زیاترە دەتوانن دەنگبدەن، هەروەها دەنگدەر دەبێت هاووڵاتی ئەمریکی بێت، جا چ لەناوخۆی وڵات بێت یان دەرەوە، دەنگدەران، جگە لەویلایەتی داکۆتای باکوور، پێشوەختە تۆماردەکرێن، براوەى ئهم ههڵبژاردنهش ئەوکەسە نییە زۆرینەی دەنگی خەڵک بەدەستدەهێنێت، بەڵکو براوە ئەوکەسە دەبێت 270 دەنگی ئەندامانی کۆلێژی هەڵبژاردن یان زیاتر بەدەستبهێنێت.
ئەگەر هیچ کام لەکاندیدەکان ئەم زۆرینەیان بەدەستنەهێنا، هەڵبژاردنی کتوپڕ دەکرێت، ئەنجوومەنی نوێنەران لەهەڵبژاردنی کتوپڕ سەرۆک هەڵدەبژێرێت، ئەنجوومەنی پیرانیش لەهەڵبژاردنی کتوپڕ جێگری سەرۆک هەڵدەبژێرێت.
ڕهنگه ئێستا پرسیارێك بهمێشكتدا بێتو بڵێیت کۆلێژی هەڵبژاردن چییەو چۆن دابەشبوون؟ ئەم کۆلێژە لە 538 ئەندام پێکهاتووە، هەموو چوار ساڵێک پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هەڵدەبژێردرێنو ئەرکیان هەڵبژاردنی سەرۆکە، ئەندامانی ئەم کۆلێژە بۆ هەر ویلایەتێک بریتییە لەژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتەکە + 2 سێناتۆر.
بەگوێرەی دوایین ڕاپرسیش كه ئاخۆ کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتوو؟ ئاژانسی ڕۆیتەرز لەدواین ڕاپرسیدا ئاشکرایکردووە، ئەوکەسانەی بەشداربوون 46.4% دەنگیان بەدۆناڵد ترەمپ داوە، لەبەرامبەردا 48.1%یان پێیانوایە، کامالا هاریس جێگری ئێستاى سەرۆکی ئەمریکا دەبێت بهسەرۆکی داهاتووی ئەمریکا.
#ئەمریکا