دهنگوباس:
چوار حزبی بەشدار لەهەڵبژاردنى خولى شهشهمى پهرلهمانى كوردستان ڕایدهگهیهنن، بەڵگەی زۆرمان هەیە کە دەیسەلمێنن ساختەکاری کراوە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی بەرەی گەل-یش دهڵێت:"ئەو پێشێلکارییو ساختەکارییانەی کراون کاریگەریی زۆریان لەسەر کۆی دەنگی لایەنەکان هەبووە، ئێمە وەکو بەرەی گەل لەوە دڵنیاین ئەو ئەنجامانەی ڕاگەیهندراون بەهیچ شێوەیەک دەنگی ئێمە نین".
کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامیی، بەرەی گەلو ڕەوتی هەڵوێست لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەسلێمانی ئەنجامی هەڵبژاردنیان ڕەتکردەوەو ڕایانگەیاند، "بەڵگەی زۆرو بەهێزمان هەیە کە پێشێلکارییو ساختەکردن هەبووەو دەنگە ڕاستەقینەکانمان وەرنەگرتووەتەوە".
بێستوون حەمەساڵح بەرپرسی ئۆفیسی ئامارو هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری لەدەستپێکی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا ڕایگەیاند، "ئێمە وەکو هەر چوار حزبی کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی، بەرەی گەلو ڕەوتی هەڵوێست کۆبوونەوەیەکمان لەسەر هەڵبژاردنو ئەنجامەکەی کردووهو تێیدا تاووتوێی چەندین پرسی تایبەتمان بەو پرۆسەیە کرد".
وتیشى، "ئێستا لەقۆناغی دەستخستنو کۆکردنەوەی بەڵگەکانداینو ئەو بەڵگانەشی هەن لێکۆڵینەوەو وردبینییان تێدادەکەین؛ لەڕۆژانی داهاتوویشدا سەرجەمیان بۆ ڕای گشتی دەخەینەڕوو ئاراستەی پەرلەمانو دامەزراوەکانی عێراقیشیان دەکەین".
لاى خۆیشیهوه فێنک محەممەد بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی بەرەی گەل وتی، "ئەو پێشێلکارییو ساختەکارییانەی کراون کاریگەریی زۆریان لەسەر کۆی دەنگی لایەنەکان هەبووە، ئێمە وەکو بەرەی گەل لەوە دڵنیاین ئەو ئەنجامانەی ڕاگەیهندراون بەهیچ شێوەیەک دەنگی ئێمە نین".
فێنک محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، "بەڵگەی زۆرو بەهێزمان لەبەردەستە، بەدڵنیاییەوە هەموویان دەخەینەڕوو پیشانی ڕای گشتی دەدەینو دواتر سکاڵا تۆماردەکەین".
هەر لەکۆنفرانسەكهدا ڕێبوار کەریم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی رەوتی هەڵوێست گوتی، "ئێمە بەرگری لەتاکە دەنگێکی دەنگدەرانیشمان دەکەین، كاندیدمان هەیە کە نە دەنگی خۆییو نە خێزانەکەشی دیارنییە، زیاتر لە 15 كاندید لەسلێمانیو 8 كاندیدیش لەهەولێرو دهۆک دەنگیان دیارنییە".
سەبارەت بە بەڵگەکانیان، ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبردنی رەوتی هەڵوێست رایگەیاند، "لە سەرەتای لێکۆڵینەوەکانین و کۆمەڵێک پسپۆڕی بواری ئەلیکترۆنی و ئایتی لەگەڵمان خەریکی لێکۆڵینەوەن و بەدڵنیاییەوە گەیشتووینەتە سەرەداوی بابەتەکە".
هاوکات ئەم ئێوارەیە ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، سەریان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە سوڕماوە.
ئەنجوومەنی کۆمەڵی دادگەری ئاماژە بەوە دەکات، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە رەتدەکەنەوە و "بەدواداچوونی ورد دەكەین لە شێوازی ساختەكارییەكانی ئەم هەڵبژاردنە و بەڵگەكان کۆدەکەینەوەو سكاڵا تۆماردەكەین".
دوێنی دووشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە راگەیێندرا.
لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 7 کورسی، بەرەی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی و بەرەی گەلیش 2 کورسییان بەدەستهێنا.
#باشووری کوردستان