کوردستان

سه‌باره‌ت به‌ئۆجه‌لان وه‌ڵامى باخچەلی ده‌درێته‌وه‌

22/10/2024

ده‌نگوباس:

تولەی هاتیمۆگولاری هاوسەرۆكی دەم پارتی وەڵامی لێدوانەكانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپەی دایەوە كە ڕایگەیاندبوو، با عەبدوڵڵا ئۆجەلان سه‌رۆكى زیندانیكراوى په‌كه‌كه‌ گۆشەگیریی لەسەرلاببرێت‌و بهێندرێته‌ پەرلەمان‌و لەڕێگه‌ى فراكسیۆنی دەم پارتیه‌وه‌ بانگەوازی كۆتایهاتنی پەكەكە‌و شەڕی چەكداریی بكات.


دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە ئه‌مڕۆ لەكۆبوونەوەی پارتەكەیدا ڕایگەیاند، "با عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەكۆبوونەوەی دەم پارتی لەپەرلەمان قسە بكات‌و بانگەوازی كۆتایهاتنی پەكەكەو شەڕی چەكداریی بكات".

له‌وباره‌یه‌وه‌ تولەی هاتیمۆگولاری هاوسەرۆكی گشتیی دەم پارتی لەكۆبوونەوەی پارتەكەیدا وەڵامی قسەكانی باخچەلی دایەوەو وتى:"ماوەی 44 ساڵە گۆشەگیریی بەردەوامە، ئێمە ساڵانێكە خەباتدەكەین بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی".

دەشڵێت:"دەبێت گۆشەگیرییەكە هەڵبگیرێت، بەڵێ با گۆشەگیریی نەمێنێت‌و با ئۆجەلان بێتە دەرەوەو قسە بكات‌و بزانین چی دەڵێت‌و پێویستە گوێمان لێی بێت".

هەروەها هاوسەرۆكی دەم پارتی بۆ ڕۆژنامەوانان ڕایگەیاند، "پەیاممان نارد كە بۆ ئەوەی پرسی كورد بەشێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەربكرێت، دەبێت گۆشەگیریی لەسەر ئۆجه‌لان هەڵبگیرێت‌و ئێمە هێڵمان بۆ ئەو شتانە دانا كە ئەمڕۆ باخچەلی باسیكرد".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "ئێمە جارێكی دیكە ڕامانگەیاندووە دەبێت دەستبەجێ گۆشەگیرییەكە هەڵبگیرێت‌و ئەوەی ئۆجەلان دەیڵێت، دەبێت لێی ببیستین".


#باکووری کوردستان
#پەکەکە