راپۆرت و چاوپێکەوتن

ساختەکاریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چۆن ئەنجامدرا؟

22/10/2024

دەنگوباس
وردە وردە دەنگی ناڕازیی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەرزدەبێتەوە، بەشێک لە هێزە سیاسییەکان باس لە پڕۆسەیەکی وردی دیزاینکردن و هاککردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکەن، هەندێكی دیکەش لە هێزە سیاسییەکان دەڵێن، هەڵبژاردنەکە لە بەرژەوەندیی پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ دیزاینکراوە.


گومانەکان چین؟

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئاشکراکرد و  ڕایگەیاند، "یەکێك لە کاندیدەکانمان بە خۆی و حەوت کەسی خێزانەکەیەوە لە بنکەیەک دەنگیانداوە، کەسیان هەژمار نەکراون، لە بنکە هەبووە 18 کەسی خۆیان دەنگیانداوە بەڵام 10 دەنگ هەژمارکراوە.

بەوتەی عەلی حەمەساڵح، کاندیدێکیان بەناوی د. ساری 120 دەنگی هێناوە، بەڵام دەڵێت تەنیا لە هاتووچۆی سلێمانی 300 دەنگی هێناوە و هەژمار نەکراوە.

سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست نمونەی خۆی هێنایەوە و وتی، من خۆم 50 هەزار دەنگم هێناوە و یەکەمی هەموو کوردستان بووم بەڵام 16 هەزار دەنگیان بۆ هەژمار کردووم، ئێمە رێکاری یاسایی و مەدەنی دەگرینەبەر و هیوادارین لیستەکانی دیکەش هەڵوێستیان هەبێت.


بەر لە هەڵبژاردن هۆشداریی درا

ڕێبوار کەریم وەلی، ڕۆژنامەنووس لەدوای هەڵبژاردن لە نوسینێکدا دەڵێت، تا 72 سەعات پێش هەڵبژاردن، هیچ کام لە بەرپرسانی یەکەمی هەر دوو حزبی دەسەڵات نەیاندەتوانی بڵێن سەد لە سەد ئینتخابات دەکرێت؛ هێشتا دیزاینەکە ئامادە نەکرابوو!

دەشڵێت، ئەو ئەنجامانە، نەتیجەی دیزاینێکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە، بۆ چەند ئامانجێکی دیاریکراو.

1- نوێکردنەوەی شەرعییەت بۆ هەر دوو حزبی دەسەڵاتدار. کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە رووی سیاسی و ئیدارییەوە ئیفلاسیان کردووە.
2- دیزاینی هاوسەنگیی هێز لە نێوانیان بە شێوەیەک کە هیچیان نەتوانێ بێ ئەوەی دیکەیان تاکڕەی بکات و مەجبور بن پێکەوە هەنگاو بنێن.
3- هەڵڕشتنی دەنگی ناڕازی و ئۆپۆزسیۆن بۆ کۆمپانیایەکی سیاسی کە هیچ زەرەرێکی بۆ پەزەکان نییە و دەستەمۆی خۆیانە. بەوەش تابلۆی پڕۆسەی دیموکراسی لە کوردستاندا، کامڵ بکەن.

کاوە عەلی، کاندیدی دەرچووی یەکگرتوو سەرەڕای ئەوەی حزبەکەی ئەنجامی دڵخۆشکەی بەردەستهێناوە بەڵام دەڵێت، گومانمان هەیە لە دیزاینکردنی هەڵبژاردن و لایەنی دەسەڵات کڕین و فرۆشتنی بە دەنگەوە کردووە.

هاوکات موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی کوردستان رەنگە بەشێوەیەک دیزاینکراو بوبێت و ساختە ئەنجامدرابێت، چونکە ئەنجامی هەڵبژاردن تەعبیر لەویژدانی گەلی کورد ناکات.

دەشڵێت "لە دیمەنی سیاسی هەرێم توشی شۆک بووم، ئەو حزبانەی دەسەڵاتیان گرتە دەست گەندەڵبوون".

ساختەکارییەکە چۆن کراوە؟

هەرچەندە تا ئێستا شێوازی ساختەکاریی لە دەنگدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرانەبووە، بەڵام هەموان کۆدەنگن لەسەر بوونی ساختەکاریی...

شێوازی ساختەکارییەکە لەڕووی تەکنیکییەوە بەشێوەیەك بووە، کەسێك دەنگی بە لایەنێک داوە، بەڵام کاتێک کاغەزی دەنگدانەکەی خستووەتە نێو ئامێرەکەوە، هەم دەنگەکەی خۆی سڕاوەتەوە، هەم ڕاستەوخۆش مۆری دەنگ لەو لایەنە دراوە کە بەرپرسی ساختەکارییەکەیە.

هەرچەندە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هەژماری دەستیی بۆ دەنگەکان دەکەن، بەڵام ساختەکارییەکە بەشێوەیەک کراوە ئاسەواری لە دوای خۆی جێنەهێشتووە.


سەردانە گوماناوییەکەی نێچیرڤان بارزانی

بە چەند ڕۆژێك بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چووە تورکیا، ئەوەش وەك دەستوەردانی ڕاستەوخۆی تورکیا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لێکدرایەوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، نێچیرڤان بارزانی لە چەند مانگی ڕابردوودا بۆچی نەچووە تورکیا و بە چەند ڕۆژێك بەر لە هەڵبژاردن چوو، ئەگەر نیەتێکی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی بۆ دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەئارادا نەبێت.

هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە ڕاگەیاند و وتی "یەکێتی بە پاساوی یاسای هەڵبژاردن، بە هاوکاریی پارتی دوو ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دواخست، پارتی بە پاساوی ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە دیزاینکراوە ماوەیەکی تر دوایخست، کە دیزاینەکە بە باڵای هەردوولا بڕا، بێ هیچ گرفتێک ڕازی بوون و هەڵبژاردن بە دیزاینکراوی ئەنجامدرا، هەموو ئەنجامەکانی پیش هەڵبژاردن باس دەکرا، بێ زیاد و کەم وابوو".