رۆژهەڵاتی ناوەراست

دەوڵەت باخچەلی: عەبدوڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و لەوێوە رایبگەیەنێت کە پەکەکەی هەڵوەشاندووەتەوە

22/10/2024

دەنگوباس
سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا داوا دەکات، عەبدوڵا ئۆجەلان بچێتە پەرلەمان و لەوێوە رایبگەیەنێت کە پەکەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا لە میانی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا وتارێکی پێشکەشکرد و جەختی لەوەکردەوە، پرۆسەیەکی نوێی چارەسەریی لە ئارادا نییە.

باخچەلی لەبارەی بانگەوازەکەی هەفتەی رابردووی تونجەر باکرهان، کە رایگەیاند، گۆشەگیریی لەسەر ئۆجەلان هەڵگرن تاوەکو بزانن بۆچوونی چییە، رایگەیاند: "نەک هەر ئەوە با ئۆجەلان بێت و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی دەم رایبگەیەنێت کە پەکەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و چەکی فڕێداوە".

باخچەلی وتیشی: "نە پێویستمان بە قەندیل هەیە نە بە ئەدێرنە بۆ ئەم بابەتە".

هەفتەی رابردوو باخچەلی رایگەیاند: "کاتێک ئۆجەلان هێنرایەوە بۆ تورکیا، ئامادەیی خۆی بۆ هەموو هاوکارییەک دەربڕی. کەواتە با بفەرموێت و چەکدانانی پەکەکە رابگەیەنێت".

دواتر تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم رایگەیاند: "گۆشەگیریی لەسەر ئۆجەلان هەڵگرن با بزانین بۆچوونی چییە".