دەنگوباس
جارێكی دیكە ناوی ئاشتی هەورامی دێتەوە بەرباس، ئەو پیاوەی كە بە درێژایی چوار كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو و وەك دەوترا وەزارەتەكەی لە یەك جانتای دەستیدایە، ئەمجارەش ناوەكەی دەبێتەوە بە مانشێتی میدیاكانی ناوخۆ، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دواییەکەی.
ئاشتی هەورامی كێیە؟
ناوی تەواوی "عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا"یە و ساڵی ١٩٤٨ لە سلێمانی لەدایكبووە، لە كابینەكانی پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو، لە كابینەی نۆیەمدا بەپێی بڕیارێكی سەرۆك وەزیران كە لە بەرواری 15/7/2019 دەرچووە، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی بۆ كاروباری وزە پێ سپێردراوە.
جەنگیز چاندار، رۆژنامەنووسی ناوداری تورك) لە كتێبی (شەمەندۆفێری میزۆپۆتامیا)، كەساڵی (2015) چاپی دووەم كراوەتەوە زانیاری لەسەر نزیكی (ئاشتی هەورامی) وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانو یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزەو رژێمی بەعس دەخاتەڕوو.
چاندار لەلاپەڕە (226) لەبارەی نزیكی (ئاشتی هەورامی)، كەناوی ئەسڵی خۆی (عەبدوڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵا)یە بەرژێمی بەعسەوە دەڵێت:"دوای ئەوەی كە ئەندازیاریی نەوتی لەزانكۆی بەغدا تەواوكردبوو، لەلایەن بەڕێوەبەرانی بەعسەوە بۆ خوێندنی ماستەر رەوانەی بەریتانیا كرابوو، ئەمەش كارێك بوو كەبەئاسانی بۆهەر خوێندكارێكی كورد نەدەكرا". لێرەدا ئەوە رووندەبێتەوە، كەئاشتی هەورامی دەبێ پەیوەندیو نزیكی لەگەڵ رژێمی بەعسی ئەوكات هەبووبێت، چونكە هەموو كەسیان نەناردووە بۆدەرەوە بۆخوێندن.
پاشان وەك چاندار باسی دەكاتو بەڵگەیە لەسەر دۆستایەتی ئاشتی هەورامیو رژێمی بەعس ئەوەیە، ئەوەیە، كە بۆخوێندكارانی كورد كارێكی ئاسان نەبووە بۆ خوێندن بەعس بیانێرێتە دەرەوە بۆ خوێندن، پرسیار ئەوەیە ئەی چۆن بۆ ئاشتی هەورامی ئاسان بووەو لەنێو خوێندكارە كوردەكانی زانكۆی بەغدا تەنها ئەویان ناردووە؟! هەروەك بەشی زۆری ئەو كەسانەی لەسەردەمی حكومەتی بەعسدا بۆ خوێندنو بڕوانامەی بەرز بەتایبەت لەبەشو پسپۆڕییە گرنگو هەستیارەكاندا دەنێردرانە ئەوروپاو وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵاتیش هیچ كەس گومانی نەبووە، كەنزیكیو پەیوەندیو لینكێكیان بەرژێمی بەعسەوە هەبووەو لەژێر چاودێری وردی دامو دەزگا سیخوڕییەكانی بەعسو باڵوێزخانەو كونسوڵخانەكانی عێراقدا بوون لەو وڵاتانەی تیایاندا بۆ خوێندن نێردراون. هەروەك خوێندنی ماستەریش بۆ ئاشتی هەورامی وەك خوێندكارێكی كورد ئیمتیازێكی بەعسییەكان بووەو بەتایبەت لەنێو خوێندكارە كوردەكاندا بەئاشتی هەورامی دراوە، چونكە بوارەكەشی، كەئەندازیاریی نەوت بووە سەبارەت بەعێراق وەك دەوڵەتێكی بەرهەمهێنی نەوت گرنگو هەستیار بووەو مەحاڵە بێبەرامبەر بەعس بەئاشتی هەورامی دابێت.
جەنگیز چاندار، لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا "شەمەندۆفێری میزۆپۆتامیا" باس لە رۆڵی ئاشتی هەورامی دەكات لە هەرزانفرۆشكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و ئەو بە "دەڵاڵ" ناوی دەبات.
ئەو پیاوەی كە بەعس ناردیە دەرەوە بۆ خوێندن و جەلال تاڵەبانی هێنایەوە بۆ كوردستان و نێچیرڤان بارزانی كردی بە وەزیری 4 كابینەی حكومەت، شەوی یەکشەممە لەشاری لەندەن بە نەخۆشی شێرپەنجەی جگەر کۆچی دواییکرد.
لەدوای نەمانی وەك وەزیری سامانە سروشتییەکان، بەرپرسان و شارەزایان لە هەرێمی کوردستان، لە مەترسیداریی ئەو گرێبەستانە تێگەیشتن کە ئاشتی هەورامی لە ماوەی چوار ساڵی حکومەتەکەیدا ئەنجامیداون و کوردستانی گەیاندە دۆخێکی خراپی ئابووریی.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی ئاشتی هەورامی، هیچ بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراو و پرسەنامەیان بڵاو نەکردەوە.