جیهان

باڵاترین دادگای تورکیا دروشمی "بژی سەرۆك ئاپۆ"ی بە ئازادی ڕادەربڕین دانا

14/10/2024


دادگای دەستووریی تورکیا، کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە وڵاتەکە، بڕیاریدا بەوەی هەریەک لە دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "چەرخا شۆڕشە" دەچنە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕینەوە.

دادگاکە بڕیاریدا ئەو سزایانەی بە تاوانی "پروپاگەندە بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی" بەهۆی وتنەوەى دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "پەکەکە گەلە و گەل لێرەیە" و "چەرخا شۆڕشە" لەلایەن دادگاکانەوە دراون، پێشێلی ئازادیی رادەربڕینی سزادراوەکانیان کراوە.

دادگای سزا قورسەکانی ئەردەخان، بەهۆی گوتنەوەی دروشمەکانەوە سزای پێبژاردن و زیندانیی بە تاوانی پروپاگەندە بۆ تیرۆر، بەسەر هاوڵاتییەکدا سەپاندبوو.

سزاکە لەلایەن دادگای باڵاوە پەسەندکرا و هاوڵاتییە سزادراوەکە لە 11ـی شوباتی 2022دا لە دادگای دەستووری بە داواکاریی ئەوەی "مافی ئازادیی بیروڕا و رادەربڕینی پێشێلکراوە" سکاڵای تۆمارکرد.

دادگای دەستووریی بڕیاریدا سزادانی هاوڵاتییەکە بە تاوانی پروپاگەندە بۆ تیرۆر، بە گوێرەی ماددەی 26ـی دەستووری تورکیا، پێشێلکردنی مافەکانیەتی لە ئازادی بیروڕا و رادەربڕین، هەروەها دادگای دەستووریی فەرمانی کرد هاوڵاتییە سزادراوەکە بەبڕی 30 هەزار لیرە قەرەبووی مەعنەویی بکرێتەوە و بەمەبەستی نەهێشتنی کاریگەرییەکانی پێشێلکارییەکەش، هاوڵاتییەکە سەرلەنوێ دادگاییبکرێت.