کوردستان

یه‌كێتیى خه‌ریكى چییه‌؟ له‌كوێ سندووقى پڕ له‌ده‌نگى ئاماده‌كردووه‌؟

13/10/2024

ده‌نگوباس:

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان زانیارییه‌كى مه‌ترسیدار له‌باره‌ى هه‌وڵێكى گه‌وره‌ى ساخته‌كاریى یه‌كێتیى له‌هه‌ڵبژاردن ئاشكراده‌كات، سه‌ركرده‌یه‌كى ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ش ده‌ڵێت:"لەئێستاوە چەندان سندووقی پڕ لەفۆڕمی پڕكراوەی دەنگدان، بۆ بازنەی هەڵەبجە له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ ئامادەكراوە".


پێشتر ده‌نگوباس زانیاریی ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتیى چه‌ند هه‌وڵێكى گوماناوى ده‌ستپێكردووه‌ به‌ناوى تێستى هه‌ڵبژاردن‌و به‌رچاوڕوونى بۆ هێزه‌ ئه‌منیى‌و سه‌ربازییه‌كان له‌سنوورى گه‌رمیان‌و هه‌ڵه‌بجه‌و سلێمانى، به‌ڵام سه‌ركرده‌یه‌كى گۆڕان جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "سندووقه‌كانی ده‌نگدان له شاری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ده‌نگده‌ری تایبه‌ت‌و هێزی ئه‌منی پڕكراون‌و ئاماده‌كراون، به‌ڕاستى ترسمان له‌ساختەكارییه‌كى زۆرى یه‌كێتیى هه‌یه‌، چونكه‌ زانیارییمان هه‌یه‌ سندووقەكان براون بۆ شوێنێكی نادیار".

زانیارییه‌كانى ده‌نگوباس ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، چەند هەفتەیەكە یەكێتیی بەپاساوی تێستكردن، فۆڕمی دەنگدان بەمووچەخۆرانی خۆیی‌و چەكدارانی هێزە ئەمنییەكانی پڕدەكاتەوەو بەزۆر ئەو چەكدارانە دەباتە چەند شوێنێكی دیاریكراوو دەنگیان پێدەدات، تەنانەت لیوا هەیە دووجار دەنگی پێدراوە، فۆڕمەكانی دەنگدانیش لای یەكێتیی دەمێننەوە، ئەمەش گومانی زۆری ئەوەی دروستكردووە كە ئەو فۆڕمانە لەڕۆژی دەنگداندا بۆ ساختەكارییەكی بەرفراوان لەلایەن یەكێتییەوە بەكاربێت.

دڵشاد ڕه‌شید مه‌لا ئه‌ندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، "ترسێكی زۆرمان له‌ساختەكاریی هه‌یه‌، به‌شێوه‌ی ڕێكخراو له‌وه‌ی سندووقی ده‌نگدان پێشوه‌خته‌ پڕكرابێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌هه‌ڵه‌بجه‌ كراوه‌، هێزی ئه‌منی هه‌موویان براون بۆ ده‌نگدان‌و پێیانوتراوه‌ ده‌نگبده‌نه‌ كاندیدێكی یه‌كێتیی، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ چۆن حزب پێش كۆمسیۆن به‌هێزی ئه‌منی ده‌ڵێت ده‌نگبده‌ن، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ چییه‌؟ كۆمسیۆن بۆ بێده‌نگه‌و ئه‌و سندووقانه‌ كه‌ ئامێری زیره‌كی له‌سه‌ره‌، چۆن گه‌یشتووه‌ته‌ یه‌كێتیی تا ده‌نگی هێزی ئه‌منی پێبده‌ن؟".

به‌وته‌ى به‌رپرسه‌كه‌ى گۆڕان، "سندووقه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ پڕكراون له‌ده‌نگی هێزی ئه‌منی‌و براون بۆ شوێنی نادیار، مه‌ترسیی گه‌ورە هه‌یه‌ به‌وه‌ی نازانین ئه‌و ده‌نگانه‌ له‌كوێن‌و بۆچی ئامادەكراون؟ ئه‌گه‌ر بۆ ڕاهێنانه‌ با له‌به‌رچاوی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وە فۆڕمەكان لەناو نابه‌ن؟، هەرچەندە هێشتا ئه‌مه‌ش متمانه‌ دروستناكات، چونكه‌ ئێمه‌ نازانین ئه‌گه‌ر پووچەڵیشیان بكه‌ن هه‌مان ئه‌و سندووقانه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ن كە هێزی ئه‌منی ده‌نگیان پێداوه،‌ یان له‌به‌رچاوی ڕاگه‌یاندن نماییشێكی ساخته‌ ده‌كه‌ن".

ئه‌وه‌شى وتووه‌، "ئەگەر ئەو فۆڕمانە لەلایەن یەكێتییەوە بۆ ساختەكاریی بەكاربهێندرێن، ئەوا شەرعییەتی هەڵبژاردن لەبازنەكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە دەكەوێتە ژێر پرسیارەوەو ئەمە پێشێلكارییەكی ئاشكرایە، بەتایبەتیش كە هێزی ئه‌منی پێشووتر ده‌نگیانداوه‌و زۆربه‌یان خوێنده‌وارن، چ پێویست ده‌كات یه‌كێتیی ڕاهێنانیان پێبكات؟ كۆمسیۆن خۆی به‌شی هۆشیاریی هه‌ڵبژاردنی هه‌یه‌ ئەگەر پێویست بكات كۆمسیۆن خەڵك هۆشیاردەكاتەوە".


#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان