راپۆرت و چاوپێکەوتن

ئەگەر ئیسرائیل هێرشبکاتەسەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران چی ڕوودەدات؟

13/10/2024

دەنگوباس
سەرباری هەڕەشە توندەکەی بنیامین ناتانیاهۆ و بەرپرسانی وڵاتەکەی کە دەڵێن گورزێکی بەهێز و بوومەلەرزەئاسا لە ئێران دەوەشێنن، بەڵام ترس لە کاریگەرییەکانی هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و کاردانەوەی تاران، هەڕەشەی ئیسرائیلی سنووردار کردووە، بەتایبەتی بەهۆی ترسی ئەو کاریگەرییە ئابوورییە وێرانکەرانەی کە لەوانەیە لە ئەنجامی ئەو هێرشەوە بێتە ئاراوە.


دوای هێرشە مووشەکییەکەی سەرەتای ئەم مانگە کە ئێران بە هۆی کوشتنی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری حزبوڵای لوبنانییەوە کردیە سەر ئیسرائیل، هەموولایەک چاوەڕێی وەڵامی تەلئەبیب بوون.

سەرەتا کاردانەوەی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل لە 3 سیناریۆدا سنووردار بوو:

*ئیسرائیل وەڵامێکی دەست بەجێی دەبێت و ڕاستەوخۆ شوێنە سەربازییەکانی ئێران دەکاتە ئامانج.

*ئیسرائیل ئامانجە ئابوورییەکانی وەک دامەزراوەکانی نەوت و گاز بۆردومان بکات.

*سیناریۆی سێیەم کە توندترین سیناریۆیە، ئەوەیە کە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

چاودێران پێیان وایە ئیسرائیل بە هێرشێکی سەربازیی زووتر ڕازی نابێت، ئەمەش سیناریۆی یەکەم ڕەتدەکاتەوە، زۆرجار پەنا بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئابوورییەکان دەبات، و دەست بۆ بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێران نابات، بەڵام بەئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکان ڕەنگە نەک تەنها بۆ ئێران و ئیسرائیل لێکەوتەی هەبێت، بەڵکو ڕەنگە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان بگرێتەوە.

ئیسرائیلییەکان لە ڕێگەی لێدوانی بەرپرسەکانیانەوە دەیانەوێت وەڵامدانەوەیان بۆ لێدانی ئێران توند بێت، ئەمەش ڕەنگە دەرگای فراوانبوونی ململانێکانی ناوچەکە بکاتەوە و دۆخەکە بکاتە شەڕێکی ناوچەیی کە کاریگەری لەسەر چەند لایەنێک هەبێت.

لە لایەکی تریشەوە ئێران ترسی خۆی دەربڕی لەوەی ئیسرائیل دامەزراوە ئابوورییەکانی بکاتە ئامانج، بۆیە لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە ئەمریکای ئاگادار کردەوە کە ئەگەری هەیە ئەمە ڕووبدات.

زۆرترین ئەگەرەکان ئەوەیە کە ئیسرائیل دامەزراوە ئابوورییەکانی ئێران بکاتە ئامانج، بە تایبەتی ئەو دامەزراوە نەوتی و گازانەی کە ئێران تێیدا زۆرە و بە سەرچاوەی سەرەکی سامان بۆ ئەو وڵاتە دادەنرێت.

ڕەنگە ئێران بەنیازی داخستنی گەرووی هورمز بێت لە دەروازەی کەنداو، کە زۆربەی بەرهەمی وڵاتانی کەنداو تێیدا تێدەپەڕێت.

لە ساڵی 2022دا ڕۆژانە بە تێکڕا 21 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە و ئەگەر دابخرێت ئەوە قەیرانێکی گەورە نەک تەنها بۆ وڵاتانی ناوچەکە بەڵکو بۆ هەموو جیهانیش دروست دەکات، وەک نرخی نەوتی خاو بەرزدەبیتەوەجبۆ زیاتر لە 150 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.