راپۆرت و چاوپێکەوتن

یەکێتی بۆ ڕێگرتن لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی، هانا بۆ ئێران دەبات

13/10/2024

دەنگوباس
دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک خۆی ڕایگەیاند کە ئامادەبووە بۆ بینینی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەست و قاچی ماچ بکات، لە پێشهاتێکی نوێدا و جیاواز لەو هاوار و بانگەشانەی دژی پارتی دەیکات، بافڵ تاڵەبانی داوای لە ئێرانییەکان کردووە نێوەندگیریی پارتی و یەکێتی بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی "دەنگوباس" کە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار دەستیکەوتووە، شاندێکی ئێرانییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ پارتی و یەکێتی کۆبووەتەوە. 
شاندەکە لە  پارتی چاوی بە نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و فازڵ میرانی کەوتووە، لە یەکێتیش بافڵ تاڵەبانی، عیماد ئەحمەد و خەسرەو گوڵ محەمەد.

ئامانجی کۆبوونەوەی شاندەکەی ئێران لەگەڵ پارتی و یەکێتی بۆ ئەوە بووە، بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە پەیوەندییەکانیان نەگاتە بنبەست و بەزوویی کۆبوونەوەیەك دوور لە چاوی کامێراکان لەنێوانیان ئەنجامبدرێت.

"دەنگوباس" زانیویەتی، کۆبوونەوەکە لەسەر داوای یەکێتی بووە کە داوای لە ئێرانییەکان کردووە، پارتی هان بدەن بۆئەوەی لەگەڵ یەکێتی کۆببێتەوە و لەدوای هەڵبژاردنیش قوباد تاڵەبانی بگەڕێتەوە سەر کارەکەی.

ئەم جموجۆڵەی یەکێتی لەکاتێکدایە، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا وای نیشاندەدا کە پارتی دوژمنی سەرسەختی یەکێتیە و قسەی توند بەو حزبە دەڵێت، بەڵام لە ژێریشەوە داوا دەکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی تێکنەچێت.

ئەگەر بەراوردی دۆخی یەکێتی بە دۆخی "بەرەی گەل" بکەین کە هێزێکی سیاسیی نوێیە، دەبینین لە وتار و پەیامەکانی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلدا دژی دەستوەردانی وڵاتانی ناوچەکەیە لە کاروباری حزبەکانی هەرێمی کوردستان و زۆرجاریش وتویەتی، بەرەی گەل نە داردەستی ئێرانە، نە داردەستی تورکیایە.

لاهور شێخ جەنگی ئامادە نییە ئێرانیەکان و تورکەکان ببینێت، کە ئێران مەبەستیەتی هەژموونی خۆی بەسەر سلێمانیەوە بهێڵێتەوە، تورکیاش ئامانجیەتی کورد دژی خەباتی باکووری کوردستان هان بدات، لاهور شێخ جەنگیش بەوە ناسراوە کە هاوکاری کوردانی هەر چوار پارچەکەی کوردستانە.

بەڵام دۆخەکە لای پارتی و یەکێتی جیاوازە، یەکەمیان داردەستی تورکیا و دووەمیان داردەستی ئێرانە، بەڵام پێدەچێت لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا کە تووڕەیی خەڵک گەیشتووەتە لوتکە، ئەو دوو وڵاتە بە فریایان نەکەون.