کوردستان

"دەنگوباس" بەبەڵگەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر بەدرۆدەخاتەوە

12/10/2024

ده‌نگوباس:

به‌گوێره‌ى ڕێككه‌وتنى نێوان یه‌كێتیى‌و گۆڕان بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى خۆجێى سلێمانى كه‌ له‌چوار ساڵدا خۆى ده‌بینێته‌وه‌ بۆ ئاڵوگۆڕى پۆسته‌كان‌و ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى پارێزگارى ئێستاى سلێمانى له‌20ى 8ى 2016وه‌ ده‌ستپێده‌كات‌و له‌30ى 4ى 2018دا كۆتایی دێت، به‌ڵام ماوه‌ى شه‌ش ساڵ‌و شه‌ش مانگه‌ د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگارى سلێمانییه‌و له‌پۆسته‌كه‌ى به‌رده‌وامه‌.



دواى بڕیاره‌كه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ پاشه‌كشه‌ له‌هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌رێم‌و خۆجێى پارێزگاكان، د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگارى سلێمانى ڕایده‌گه‌یه‌نێت، دووجار داواى به‌خشینى كردووه‌ له‌و پۆسته‌دا جارێكیان لە 9ی ئەیلولی 2021و دووه‌میش لە22ى شوبانى 2022دا، به‌ڵام په‌سه‌ند نه‌كراوه‌.



سه‌ربارى ئه‌و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌، به‌ڵام به‌گوێره‌ى ڕێككه‌وتنى نێوان یه‌كێتیى‌و گۆڕان بۆ حكومه‌تى خۆجێى پێویست بوو پارێزگارى ئێستاى سلێمانى له‌30ى 4ى 2018دا ده‌ستبه‌رداریى پۆسته‌كه‌ى بوایه‌و ڕاده‌ستى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مشاره‌ى بكردایه‌ته‌وه‌.



به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان، پارێزگارى ئێستاى سلێمانى، به‌هۆى نزیكایه‌تى له‌یه‌كێتیى‌و ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى هه‌یبووه‌ له‌و پۆسته‌دا، ده‌ستبه‌ردارى پۆسته‌كه‌ى نه‌بووه‌و ئاماده‌نه‌بووه‌ ده‌ستبه‌رداریى پۆستى پارێزگار بێت.


دواى بڕیارى بزوتنه‌وه‌كه‌ى، پارێزگارى ئێستاى سلێمانى كه‌ له‌پشكى ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ كورسیه‌كه‌ى وه‌رگرتووه‌ جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، لەم دۆخەی ئێستادا، کە بەداخێکی سەختەوە؛ ناکۆکیی‌و دووبەرەکیی‌و بێمتمانەییەکی زۆرو قوڵ کەوتووه‌تە ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوەو بەسەر دوو ماڵی لێکترازاودا؛ دابەشبوون، ئێمە خۆمان لەو دۆخە بەدورگرت‌و هەموو هەوڵێکی کۆکردنەوەو یەکخستنەوەو ڕێکخستنەوەو قبوڵکردنی یەکترو کاراکردنەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی‌و ناوەندەکانی بڕیاردانماندا، بەڵام نەگەشتینە ئەنجام، ئێستاش نابینە بەشێک لەم ململانێ‌و کێشمەکێشەی گۆڕانی لەئامانج‌و ستراتیژو دەستوورو پاکێچ‌و بەرپرسیارێتییەکەی دورخستووه‌تەوە.



ئه‌و بڕیاره‌ى هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر به‌هۆى فشارى به‌رپرسانى یه‌كێتییه‌وه‌یه‌ كه‌ نزیكایه‌تییه‌كى زۆریان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌و خۆیشى ئاماده‌نییه‌ ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و پۆسته‌بێت.


#سلێمانی