کوردستان

دواى بڕیاره‌كه‌ى گۆڕان، هه‌ڵوێستى به‌رپرسه‌كانى له‌حكومه‌ت چى بوو؟

10/10/2024

ده‌نگوباس:

دواى ئه‌مشه‌و دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید ڕێكخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بڕیاریدا كوتله‌ى حكومیی بزوتنه‌كه‌ى له‌حكومه‌تى هه‌رێم‌و حكومه‌تى خۆجێیى بكشێنێته‌وه‌، به‌رپرسانى ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ئاستى حكومه‌تى خۆجێیى‌و حكومه‌تى هه‌رێم هه‌ڵوێستى خۆیان ڕاگه‌یاند، به‌ڵام چه‌ند به‌رپرسێك‌و وه‌زیرێكیشیان بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه‌.


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست ده‌نگوباس كه‌وتوون، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌دواى بڕیارى بزوتنه‌وه‌كه‌ى وتوویه‌تى:"من لە3ى 3ى 2023 دەستلەکارکێشانەوەی خۆمم پێشکەش بەسەرۆکی هەڕێم کردووەو په‌سه‌ند نه‌كراوه‌، ئێستا داواکارم پەسەندی بکات".

هه‌ر له‌ئاستى حكومه‌تى هه‌رێمدا ئاوات شێخ جه‌ناب بڕیاریداوه‌ ده‌ست له‌كاره‌كه‌ى بكشێنێته‌وه‌ وه‌كو وه‌زیرى دارایی حكومه‌تى هه‌رێم‌و هاوكات كه‌مال موسلیمیش وه‌زیرى بازرگانى حكومه‌تى هه‌رێم به‌بڕیاره‌كه‌ ڕازیى بووه‌.

ئه‌وه‌ى تائێستا یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌و هیچ هه‌ڵوێستێكى نیشان نه‌داوه‌، دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمه‌و بێده‌نگه‌ له‌ئاست بڕیارى بزوتنه‌وه‌كه‌یدا.

له‌ئاستى حكومه‌تى خۆجێیش د.موحسین ئەدیب نووسیویه‌تى:" وەک بەپابەندبون بەبڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان، لەپۆستی بەڕێوبەری گشتی ڕۆشنبیریی‌و هونەری سلێمانی دەکشێمەوە".

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ تەها ئیبراهیم قادر بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت:"وەک بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵای سەر بەقەزای کفری کە لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو پۆستەم وەرگرتووە، لەدوای بڕیارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان‌و ڕێکخەری گشتی بۆ کشانەوەی گۆڕان لەحکومەتی هەرێم‌و حکومەتی خۆجیی، دەستم لەکارکێشایەوە".

هه‌ر له‌ئاستى حكومه‌تى خۆجێیدا، د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگارى سلێمانى كه‌ له‌پشكى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌، هیچ كاردانه‌وه‌و هه‌ڵوێستێكى له‌وباره‌یه‌وه‌ پیشان نه‌داوه‌و نازانرێت به‌بڕیارى بزوتنه‌وه‌كه‌ى ڕه‌زامه‌ند ده‌بێت یان نا.


#گۆڕان