دهنگوباس:
بزوتنەوەی گۆڕان لەهەردوو حکومەتی هەرێمو خۆجێیی کشایەوە، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکەش لەپەیامێکدا دەڵێت:"ئەگەرچی بڕیارێکی درەنگ وەختە، بەڵام ڕاستو پێویستە".
دانا ئەحمەد مەجید رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران لەپەیامێکدا کشانەوەی بزوتنەوەکەی لەهەردوو حکومەتی هەرێمو خۆجێی ڕاگەیاند.
لەپەیامەکەی دانا ئهحمهد مهجیددا هاتووه، "لەکۆبونەوەی نائاسایی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی جڤات بڕیاردرا، بزوتنەوەی گۆڕان لەهەردوو حکومەتی هەرێمو حکومەتی خۆجێی بکشێتەوە".
دەشڵێت: "بڕیاری کشانەوەیان لەحکومەت، وەڵامدەرەوەی خواستو داواکارییەکانی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانو گۆڕانخوازانی ناو پەیکەری ڕێکخراوەییو دەرەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی بزوتنەوەکەمانە".
ڕاشیگەیاند، "بڕیاری کشانەوەمان لەحکومەتی هەرێمو حکومەتی خۆجێی؛ بەشێکە لەزنجیرەیەک گۆڕانکارییو هەڵوێستو بڕیار، کە دوای گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەکەمان، بەپرسو ڕاوێژ لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەو کەسایەتیو هەڵسوڕاوی دەرەوەی بزوتنەوەکەمان، دەستمان پێکردووەو بڕیارمانداوە بۆ پشتیوانی خەڵکی کوردستان گۆڕان بەهێزبکەینەوە".
ئەوەش هاتووە، "لەو ڕوانگەیەوە، ئەزمونی بەشداریکردنمان لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، بەشاهێدی خەڵکو هەڵسوڕاوو دەنگدەرانمان، سەرکەوتوو نەبوو، ئەو کارنامەی بۆ چاکسازییو خزمەتی گەلەکەمان نووسرا؛ حکومەت جێبەجێی نەکرد، بۆ ئەو ئەنجامەش دووبارە داوای لێبووردن لەمیللەتەکەمان دەکەین، ئەگەرچی بڕیارێکی درەنگ وەختیشە، بەڵام ڕاستو پێویستە، هەربۆیە سوپاسی سەبرو چاوەڕوانیتان دەکەینو بەڵێندەدەین هەڵەکان ڕاستدەکەینەوە".
لەپەیامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "بزوتنەوەی گۆڕان بەستراتیجێکی نوێی سیاسیەوە دێتەوە مەیدان، ئەویش بەگەڕانەوە بۆ ئەو بەرنامە سیاسیەی کاک نەوشیروان لەسەرەتای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان؛ بۆ گۆڕانکاری لەسیستمی حوکمڕانی هەرێم خستیەڕوو، ستراتیجێک ڕوو لەخەڵکو پشت لەپلەو پۆستو دەسەڵات، ستراتیجێک بۆ سەرلەنوێ بەگەڕخستنەوەی تواناو وزەی شەقامو خەڵکو گەنجانو ژنانو هەڵسوڕاوانمان".
ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بانگەواز بۆ هەمو ئازادیخوازان، دەنگدەرانی کوردستان، کەسایەتی و گۆڕانخوازانی ڕازی و ناڕازی دەکات، لەم قۆناغەدا لەگەڵیان بن و بەیەکەوە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ قۆناغی موعارەزەی سیاسی و نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینەی خەم و خواستەکانی کۆمەڵگەی کوردستان ئامادە بکەن، بەیەکەوە گوڕ بدەنەوە بە خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتیەکانی هاوڵاتیان.
#گۆڕان