کوردستان

لاهور شێخ جه‌نگى: به‌ڵگه‌م لایه‌ مه‌سرور بارزانى‌و بافڵ تاڵه‌بانى له‌سه‌ر ئه‌م سیناریۆیه‌ى ئێستا ڕێككه‌وتوون

08/10/2024

ده‌نگوباس:

لاهور شێخ جه‌نگى له‌سه‌ردانێكیدا بۆ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ زانیاریی گرنگى ئاشكراكرد سه‌باره‌ت به‌ڕێككه‌وتنێكى ژێر به‌ژێرى پارتى‌و یه‌كێتیى بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن، ده‌شڵێت:"به‌ڵگه‌م لایه‌و كۆتا شه‌وى بانگه‌شه‌ بڵاویده‌كه‌مه‌وه‌"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "قوباد تاڵه‌بانى دواى 10 ساڵ مانه‌وه‌ى له‌حكومه‌ت تازه‌ هاتووه‌و ده‌ڵێت، پارتى هاوبه‌شى ناوێت‌و خزمه‌تكارى ده‌وێت، ئه‌ى كه‌واته‌ تۆ 10 ساڵه‌ خزمه‌تكاریى پارتیت، بۆ بێده‌نگ بووى تائێستا".


لاهور شێخ جه‌نگى سه‌رۆكى به‌ره‌ى گه‌ل ڕایگه‌یاند، "به‌ڕه‌كه‌ له‌ژێر پێى پارتى‌و یه‌كێتیى ده‌رهاتووه‌، ئه‌مڕۆ تۆمارێكى ده‌نگى له‌لایه‌ن پارتى‌و ده‌زگایه‌كى ڕه‌سمیى ئه‌و حزبه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ سوكایه‌تى به‌كه‌سوكارى شه‌هیدان‌و پێشمه‌رگه‌ كراوه‌و هه‌روه‌ها ته‌شهیریش به‌من كراوه‌، من ده‌ڵێم، نه‌ك كاك بافڵ‌و نه‌ كاك قوباد باكیان به‌پێشمه‌رگه‌ى دێرین‌و كه‌سوكارى شه‌هیدانیش نییه‌، من ناڵێم ئه‌م تۆماره‌ ده‌نگییه‌ى بڵاوبووه‌ته‌وه‌ ڕاسته‌، مه‌به‌ستى من ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و دوو كه‌سه‌ هیچ باكێكیان به‌كه‌سوكارى شه‌هیدان‌و پێشمه‌رگه‌ى دێرین نییه‌".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "من پێموایه‌ ئه‌و تۆماره‌ ده‌نگیه‌ درووستكراوى ده‌ستى پارتى دیموكراتى كوردستانه‌، من بۆخۆم گوێم لێ بووه‌، كاك بافڵ‌و كاك قوباد هیچ باكیان به‌خه‌ڵك‌و به‌تایبه‌ت كه‌سوكارى پێشمه‌رگه‌و شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوان نییه‌و ته‌نانه‌ت باكیان به‌مێژووى یه‌كێتیش نییه‌".

ئاشكراشیكرد، "من به‌ڵگه‌م لایه‌، له‌وانه‌یه‌ له‌ 15ى ئۆكتۆبه‌ر له‌كۆتا شه‌وى بانگه‌شه‌دا بڵاوى بكه‌مه‌وه‌، چۆن كاك بافڵ‌و كاك مه‌سرور ته‌نسیقیان هه‌یه‌ ئه‌م یاریه‌ى كه‌ ده‌یكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنن گوایه‌ ئه‌مانه‌ به‌جدى دژى یه‌كترن، ئه‌م دوو حزبه‌ له‌دزیا شه‌ریكن، له‌خیانه‌تدا شه‌ریكن، له‌به‌تاڵانبردنى ئه‌م وڵاته‌دا شه‌ریكن بۆ ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌م لایه‌، ئه‌مه‌ى ئێستا ده‌گوزه‌رێ سیناریۆیه‌كه‌ دوو پێش هه‌ڵبژاردن واى نیشانده‌ن پارتى زۆر دژه‌ یه‌كێتییه‌و یه‌كێتییش زۆر دژه‌ پارتییه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ سیناریۆن".

سه‌رۆكى به‌ره‌ى گه‌ل جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "من دووباره‌ى ده‌كه‌مه‌وه‌، پێموایه‌ تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌ دروستكراوه‌، به‌ڵام قسه‌كانى ناو ئه‌و تۆماره‌ له‌قسه‌ى كاك قوبادو كاك بافڵ ده‌چێت، چونكه‌ بێ منه‌تن له‌خه‌ڵك، هیوادارم خه‌ڵك باوه‌ڕ به‌م سیناریۆیه‌ نه‌كات كه‌ ئێستا كاك بافڵ ده‌چێته‌ سه‌ر سته‌یج‌و خۆى نمایش ده‌كات، هاتووه‌ ده‌ڵێت نازانم كێ ده‌كه‌م به‌پارێزگارى بارزان، له‌كاتێكدا بارزان گوندێكه‌ ناحیه‌یه‌كه‌ ئه‌و كردى به‌پارێزگار، دواتر پێویسته‌ له‌م وڵاته‌ ڕێز له‌یاسا بگیرێت‌و ئه‌وكه‌سه‌ى ئه‌و ده‌یكات به‌پارێزگارى بارزان له‌لایه‌ن دادگاوه‌ داواكراوه‌، ئه‌گه‌ر بێتاوانیش بێت پێویسته‌ بچێته‌ به‌رده‌م دادگاو بێتاوانى خۆى بسه‌لمێنێت، ئه‌وه‌ خۆى له‌خۆیدا سوكایه‌تیكردنه‌ به‌دادگا".

هۆشداریش به‌پارتى‌و یه‌كێتیى ده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ناچارم بكه‌ن‌و له‌سه‌ر ئه‌و سیناریۆیانه‌ به‌رده‌وامبن، به‌ڵگه‌ى حاشا هه‌ڵنه‌گرم لایه‌و بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ پارتى‌و یه‌كێتیى له‌سه‌ر چى ڕێكه‌وتوون، یه‌كێتیی له‌هه‌موو درووشم‌و بانگه‌شه‌كانیدا ده‌ڵێت ده‌یڕوخێنین، باش منیش ده‌پرسم چى ده‌ڕوخێنى، كاك قوباد له‌هه‌موو كه‌مووكوڕیه‌كانى كوردستان‌و به‌تایبه‌ت ناوچه‌كه‌ى خۆى به‌شدارو به‌رپرسیاره‌، 10 ساڵه‌ سه‌رۆكى حكومه‌تى ناوچه‌كه‌ى خۆیه‌تى، له‌مدیو دێگه‌ڵه‌وه‌ به‌بێ ئاگاداریى ئه‌و هیچ گۆڕانكارییه‌ك نه‌توانراوه‌ بكرێت، خێره‌ ئێستا هاتووه‌و تازه‌ به‌تازه‌ هاتووه‌و ده‌ڵێت، پارتى هاوبه‌شى له‌حكومه‌ت ناوێت، به‌ڵكو خزمه‌تكارى ده‌وێت، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت، كاك قوباد 10 ساڵه‌ خزمه‌تكاریى پارتیه‌".


#لاهور شێخ جەنگی