راپۆرت و چاوپێکەوتن

یەکێتی بەڕێگەیەکی نوێ هەژماری من بۆ فەرمانبەران دەکاتەوە

07/10/2024

دەنگوباس
لەگەڵ ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگەشەی ڕاگرتنی پڕۆسە هەژماری من لە سنوری خۆی دەکات، بەڵام پێچەوانەی ئەو بانگەشەیە، هێشتا فشاری یەکێتی بۆسەر فەرمانبەران بەردەوامە، بۆئەوەی فۆڕمی هەژماری من پڕبکەنەوە.


بەگوێرەی زانیارییەکانی دەنگوباس، ئەمڕۆ سێشەممە واتا دوای دوو ڕۆژ لە بانگەشەکەی یەکێتی، فشار لە فەرمانبەران و خانەنشینان کراوە بۆ ئەوەی هەژماری من پڕبکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش فۆڕمی هەژماری منیان دراوەتێ.

هەر لە سنوری دەسەڵاتی یەکێتیدا و بە دیاریکراوی لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، بەگوێرەی زانیارییەکانی دەنگوباس، ئەمڕۆ سێشەممە  ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەی سەر بە هەژماری من،  لەسنوری ڕاپەڕین خرانەکار و لە ئێستادا بەشێک لە هاووڵاتیان مووچەکانیان لە ڕێگەی هەژماری منەوە وەردەگرن. خەڵکیش دەڵێن، ئەگەر یەکێتی ڕاستی بکردایە ڕێگەی نەدەدا ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە دابنرێن.

پلانەکەی یەکێتی بەشێوەیەکە، بەناوی (بەبانکیکردنی مووچە لەبەغداوە) فۆڕم بە فەرمانبەران پڕبکرێتەوە و فۆڕمەکە ڕادەستی بانکی عێراقیی بۆ بازرگانیی (تی بی ئای) بکرێت، بەڵام خودی ئەو بانکە بەشێکە لە پڕۆسەی هەژماری من، واتا ئەوەی یەکێتی دەیکات خۆڵکردنە چاوی فەرمانبەرانە، چونکە دواتر هەمان ئەو داتایانە دەدرێنەوە بە پڕۆسەی هەژماری من.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی دەنگوباس، تەنیا بۆ کردنەوەی لقی بانکەکانی ڕەشید و ڕافدەین لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان، نزیکەی شەش مانگ کات پێویستە، ئەوە جگە لە تێچووی دارایی بۆ کردنەوەی لقی ئەو بانکانە، کە لە ئێستادا حکومەتی عێراق ئامادە نییە تێچووەکەی لە ئەستۆ بگرێت.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەهۆی ئەو دۆخە سیاسییەی لە بەغدا دروستبووە و بەشێك لە شیعەکان دژایەتی دەکەن، بە داواکاریی یەکێتی بۆ بەبانکیکردنی مووچە لە بەغداوە ڕازی نابێت، چونکە نایەوێت لەم کاتەدا نێوانی حکومەتەکەی لەگەڵ پارتی تێکبدات، هاوکات سودانی بۆچوونی وایە، ئەو هەنگاوە دابەشکردنی هەرێمی کوردستانە لەڕووی دارایی و بانکیەوە بەسەر دوو بەرەدا.

ئەو هەنگاوەی یەکێتی بەڕای خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەمێنێتەوە، چونکە دوای ساڵێک یەکێتی بیری کەوتووەتەوە کە هەژماری من زیانی هەیە، لەکاتێکدا پێشتر لە ئەنجومەنی وەزیران قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران داکۆکیکاری سەرسەختی هەژماری من بوو.

پێشتر شاڵاو عەلی عەسکەری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێدا نەیشاردەوە، بیرۆکەی هەژماری من و بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران، بیرۆکەی قوباد تاڵەبانی بووە.