رۆژهەڵاتی ناوەراست

وەزیری بازرگانیی عێراق: ئەگەر جەنگیش ڕووبدات تا ساڵێک خۆراک مسۆگەرە

07/10/2024

دەنگوباس
لەگەڵ مەترسیەکانی ئەگەری تێوەگلانی عێراق لە شەڕی ئیسرائیل، وەزیری بازرگانی عێراق هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە لەوەی خۆراکی تا ساڵێک مسۆگەرکراوە.


ئەمرۆ دووشەممە، ئەسیر داود غریری، وەزیری بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، “سەرجەم ماددەکانی سەبەتەی خۆراکی تاوەکو ساڵێک مسۆگەرکراون”، وتیشی هاووڵاتییان دڵنیادەکەینەوە لەوەى هیچ مەترسییەک لەسەر ئایندەی خۆراک لە وڵاتدا نییە.

ئەم دڵنیاییەی وەزیری بازرگانی عێراق لە کاتێکدایە کە گومان دەکرێت ئیسرائیل لە کاردانەوەی هێرشە مووشەکییەکانی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە، هێرش بکاتە سەر چەند ئامانجێک لە عێراق و ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕ و نرخی خۆراک دروست بکات.

پێشتریش بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان ئەوەیان خستبووەڕوو کە دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە دەکرێت و لەو چوارچێوەیەشدا دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بازرگانیی هەولێر ڕایگەیاند، بریکارەکان دەتوانن بەشەخۆراکی خۆیان وەربگرن و دابەشی بکەن. هەروەها قۆناغی وەرگرتنی پارە لە بریکارەکان بەردەوامە.