دهنگوباس:
سەرۆکى تیمى ڕۆژنامەوانیی کۆمسیۆنى باڵاى ھەڵبژاردنەکانی عێراق پهیامێك ئاراستهى هاووڵاتییان دهكاتو ڕایدهگهیهنێت، تاوەکو داخستنی بنکەکانی دەنگدان کارتی بایۆمەتریی دەدرێتەوە، ئاشكراشیدهكات، "وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئەرکی پاراستنی وێستگەکانی دەنگدانی لەئەستۆ دەبێتو لیژنەیەکی هاوبەشیش لەنێوان وەزارەتی ناوخۆی هەرێمو وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێکهێنراوە".
عیماد جەمیل لهلێدوانێكى ڕۆژنامهوانیدا ڕایگەیاند، "ڕێنماییو ڕێکارەکان بۆ پاراستنی وێستگەکانی دەنگدان ئامادەکراونو لەم ڕۆژانەدا کۆمسیۆن بڵاویاندەکاتەوە کە بەگوێرەی ڕێکارەکان؛ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بەهاوئاهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەرکەکە جێبەجێدەکەن".
وتیشی، "بۆ هەر وێستگەیەکی دەنگدان 10 کارمەندی سەر بەهێزەکانی ناوخۆی هەرێم دادەنرێنو ئەرکی پاراستنیان لەئەستۆ دەبێت".
بهوتهى بهرپرسهكهى كۆمسیۆن، "لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراقو هەرێم سەرپەرشتی گشتیی ڕێکارە ئەمنییو لۆجستییەکان دەکەن".
ئهوهشى ئاشكراكرد، "پڕۆسەی پێدانەوەی کارتی بایۆمەتری بەدەنگدەران بەردەوامەو کاتەکەشی تاوەکو کاتژمێر شهشى ئێوارەی ڕۆژی 20ی ئەم مانگە درێژکراوەتەوە؛ کە هاوکاتە لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان".
زانیارییهكان باس لهوهدهكهن، بۆ پاراستنی ئەمنیەتی هەڵبژاردن، لیژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆو ئەندامێتی پارێزگارەکان پێکهێنراوەو هەر پارێزگایەکیش لیژنەیەکی تایبەتی خۆی دەبێت، کە پارێزگار سەرۆکایەتیی دەکاتو نوێنەری کۆمسیۆن، تەندروستی، پێشمەرگە، ئاسایشو پۆلیسیش تێیدا ئەندامن.
20ی تشرینى یەکەم دەنگدانی گشتیی بەڕێوەدەچێت، 48 کاتژمێر پێش دەنگدانی گشتیی واتە لە 18ی تشرینی یەکەم، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ هەزارو 431 بنکەی دەنگدان دەبن؛ هەزارو 266یان بنکەی دەنگدانی گشتییو 165یشیان بنکەی دەنگدانی تایبەتن.
#باشووری کوردستان