ده‌نگوباس:
وەزارەتى دارایی‌و ئابوریى هه‌رێم ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی 4ى ئه‌م مانگه، دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێتو لەماوەی چەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانو مووچەخۆران دابەشدەکرێت.
لهڕاگهیهنراوێكدا وه‌زاره‌تى دارایی نووسیویه‌تى:"ماوەی سێ ڕۆژ شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی هەرێم، بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولو چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی ئەو لێبڕینانەی لەمانگی شوبات تا مانگی ئاب ڕاگیرابوون لەشاری بەغدابوون، لەو ماوەیەدا چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئەنجامداوەو گەیشتوونەتە ڕێکەوتن".
ئه‌وه‌ش هاتووه، "دوای تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوول، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بڕی 598 ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمەنبەرانو خانەنشینانی شارستانی‌و فەرمانبەرانی گرێبەست خرایەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی‌و ئابوری هەرێم، هه‌ربۆیه لەسەر بڕیاری ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەڕۆژی هەیینی 4ى 10ى 2024 دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێتو لەماوەی چەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەشدەکرێت".
لهبهشێكى دیكه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا باس لهوهشكراوه، "ڕوونکردنەوەو زانیاریی پێویست لەسەر ئەو لێبڕینانەی لەمانگی شوبات تا مانگی ئاب لەلیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبیانوی جیاواز ڕاگیرابوون، بەداتاو زانیاریی دروست‌و نووسراوی فەرمی پێشکەش بەفەرمانگە پەیوەندیدارەکان لەوەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراو بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرجبکرێت".
هه‌روه‌ك وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه، "دوای خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنیەکان‌و سەرجەم ئەو لێبڕینانەی لەمووچەی مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵ تا مانگی ئاب ڕاگیرابوون، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق لەهەفتەی داهاتوودا، ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولیش بکرێت".
به‌گوێره‌ى ڕاگهیهنراوهكهى وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم، به‌و پاره‌یه‌ى به‌غدا بۆ مووچه‌ى مانگى ئهیلوول ناردوویه‌تى، ئه‌وان مووچه‌ى مانگى ئاب (هه‌شت)ى پێ دابهشدهكهنو ئه‌مه‌ش واده‌كات بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى نۆ پاره‌ى پێویستیان له‌به‌رده‌ستدا نهبێتو جارێكى دیكه فه‌رمانبه‌ران ڕووبه‌ڕووى نهبوونو نه‌دانى مووچه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه.
#مووچە