کوردستان

تەنیا 20 ڕۆژ بۆ هەڵبژاردن ماوە و پارتی و یەکێتیش بەرامبەر مووچەی خەڵک بێباکن

01/10/2024

دەنگوباس
بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کۆتا گوژمەی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانەی بانکەکانی هەرێم بکات، دوابەدوای گەیشتنی پارەکە خشتەی مووچە بڵاودەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

سەرچاوەیەک لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە میدیای گۆڕانی راگەیاندووە، بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق 243 ملیار دینارەی تەواوکارە بۆ مووچەی مانگی ئاب بنێرێت، بەوەش لەگەڵ 755 ملیارەکەی دیکە کورتهێنانی مووچەی مانگی ئاب پڕدەبێتەوە و مووچە دابەش دەکرێت.

ئەوەشخراوەتە ڕوو، لەگەڵ پارەدارکردنەکە و پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە، هەر ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی ئاب رادەگەیەنێت و لە سێ بۆ چوار رۆژیشدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

هاوکات، دوو رۆژە وردبینیکردن لە مووچەی مانگی ئەیلول دەستیپێکردوە و تا 15ی ئەم مانگە لەپێش هەڵبژاردندا مووچەیەکی دیکەش دابەش دەکرێت.

تەنیا 20 ڕۆژ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماوە و پارتی و یەکێتی بەرامبەر دابەشکردنی مووچەی خەڵک بێباکن، هاوکات لەجیاتی چارەسەرکردنی کێشەکە هەریەکەیان دابەشنەکردنی مووچە دەخەنە ئەستۆی یەکتر.