کوردستان

دەنگدەرانی تایبەت ناتوانن ڕۆژی دەنگدانی گشتیی دەنگ بدەنەوە

01/10/2024

دەنگوباس
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە دەنگدانی تایبەت دا لە هەر وێستگەیەک 300 کەس دەنگ دەدات و دوای دەنگدانیش راستەوخۆ کارتەکەیان لێوەردەگیرێتەوە.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە دەنگدانی تایبەت دا بۆ هەر وێستگەیەکی دەنگدان 300 دەنگدەر دەتوانێت دەنگی تێدا بدات، کۆمیسیۆن دەنگدەرانی تایبەتی بەپێی وێستگەکان بە ژمارە و ناو دابەشکردوون، بۆ ئەوەی دەنگدانەکە بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت
 
جومانە غەلای رەتیکردەوە کە دەنگدەری تایبەت بتوانێت لە رۆژی دەنگدانی گشتی دەنگ بدات و وتی: "هەر دەنگدەرێکی دەنگدانی تایبەت، کارتی بایۆمەتری کۆدکراوی تایبەت بە خۆی هەیە و دوای دەنگدان لێیان وەردەگیرێتەوە، خۆ ئەگەر رادەستیشی نەکردبێت؛ ناتوانێت لە دەنگدانی گشتیی بەکاری بهێنێت، چونکە ئەو ئامێرەی لە دەنگدانی گشتیی بۆ دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکانی دەنگدەر بەکاردەهێنرێت، کارتی بایۆمەتری دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت ناخوێنێتەوە."
 
لەبارەی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە دەنگدانی تایبەت، جومانە غەلای وتی: "لە دەنگدانی تایبەتیشدا بە ئەلیکترۆنی دەنگەکان جیادەکرێتەوە و دواتر راستەوخۆ لەهەر وێستگەیەکیشدا دەنگەکان بە دەستیش دەژمێردرێن، هەموو هەوڵێکیشمان بۆ ئەوەیە پڕۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت و بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بێت."