کوردستان

پەرلەمانتارێك: ئەمڕۆ مووچە دەگاتە هەرێمی کوردستان

01/10/2024

دەنگوباس
خەلیل دۆسكی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە میدیای پارتی وتوە، ڕۆژی سێشەممە، سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقی كردوەو وەزارەتەكە بڕیاری خەرجكردنی پارەی كورتهێنانی موچەی مانگی هەشتی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی داوە.


خەلیل دۆسكی وتوشیەتی، بەهۆی دواكەوتنی رێكارەكان، ناردنی پارەكە دەكەوێتە ئەمڕۆ سێشەممە، هیچ گرفتێك لە ناردنی پارەكەدا نییە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بە قسەی وەزارەتی دارایی هەرێم لە ئێستادا ئەوان 755 ملیار دیناریان لەبەردەستدایە بۆ موچەی مانگی هەشتی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و بۆ دابەشكردنی موچە پێویستیان بە 998 ملیار دینارە، واتە 243 ملیار دینار كورتهێنان هەیە.

وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەداوە كە گەیشتنی ئەو پارەیە لە بەغداوە دەست بە موچەی مانگی هەشت دەكەن.

رۆژی پێنجشەممەی رابردو وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق رێككەوتون لەسەر ئەوەی كە بەغدا ئەو كورتهێنانی بۆ موچەی مانگی ئاب دروست بوە بڕەكەی 243 ملیار دینارە رەوانە بكات.