دەنگوباس
وەزیری بەرگریی ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەربڕی بۆ ئەوەی "ژێرخانی هێرشبردن"ـی حیزبوڵڵا بە درێژایی سنووری لوبنان لەناوببردرێت، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل دەستی بە هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان کرد.
لۆید ئۆستن هەروەها هۆشداریی بە ئێران دا لەوەی ئەگەر هێرشی راستەوخۆ بکاتە سەر ئیسرائیل، رووبەڕووی "لێکەوتی جیددی" دەبێتەوە.
ئۆستن لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئەمڕۆ (سێشەممە) دەڵێت "ئێمە، هاوڕابووین لەسەر پێویستیی لەنێوبردنی ژێرخانی هێرشبردن بەدرێژایی سنوور بۆ ئەوەی حیزبوڵڵای لوبنان نەتوانێت هێرشی هاوشێوەی 7ـی ئۆکتۆبەر، بکاتە سەر کۆمەڵگەکانی باکووری ئیسرائیل."
گالانت پێشتر هۆشداریی دابوو کە هێشتا هەنگاوە سەربازییەکانیان لەنێو لوبناندا کۆتایی نەهاتوون، دوای ئەوەی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا رۆژی هەینی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا کوژرا، کە ئەوە گورزێکی گەورەی لە بزووتنەوەکە دا.