دەنگوباس
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق دڵنیایی دەدات کە ئامێرەکانی دەنگدان هاک ناکرێن و لیژنەی ئەمنیی تایبەتیش بۆ پرۆسەکە و ئامێرەکان پێکهێنراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى ڕۆژنامەوانی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند، "لە رابردوودا چوار جار ئامێری ئەلیکترۆنیمان بۆ هەڵبژاردنەکان بەکارهێناوە کە بەبێ کێشە و بە سەرکەوتوویی پڕۆسەکەمان بەو ئامێرانە بەڕێوەبردووە."
عیماد جەمیل، ئەگەری هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ئامێرەکان و دەستکاریکردنی دەنگەکان بە "مەحاڵ" دەزانێت و دەڵێت: "ئامێرەکان بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە کۆریای باشوور دروستکراون و بەبێ ئینتەرنێت کار دەکەن و هاککردنیان زۆر ئەستەمە، چونکە ئێمە تەنیا چەند کاتژمێرێک کاریان پێدەکەین، ئەوەش ماوەیەکی زۆر کەمە بۆ هێرشی ئەلیکترۆنی."