دەنگوباس
سەرۆک ئەرکانى سوپاى عێراق لەوەزارەتى بەرگریى رایگەیاند، لە ئەگەرى رووبەڕووبوونەوەى هەر پێشهاتێک، سوپاى عێراق خراوەتە حاڵەتى ئامادەباشییەوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوێکى وەزارەتى بەرگریى عێراق، عەبدولئەمیر یارەڵا، سەرۆک ئەرکانى سوپاى عێراق، بە ئامادەبوونى سەرکردەى هێزەکانى وشکانى، ئاسمانى، فرۆکەوانیى سوپا و بەرگریى ئاسمانیى کۆبوونەوەیەکى بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ئەمنیی ناوچەکە و مەترسییەکان ئەنجامداوە و بڕیارى خستنە حاڵەتى ئامادەباشیی سوپاى عێراق دراوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێى تواناى دامودەزگاکان کراوە، لە دابینکردنى ئارامى و ئاسایش بۆ وڵات و رووبەرووبوونەوەى هەر ئەگەر و پێشهاتێکى لەناکاو.
کۆبوونەوەکەى وەزارەتى بەرگریى عێراق لەدواى چڕبوونەوەى هێرشەکانى ئیسرائیلە بۆسەر لوبنان و کوشتنى حەسەن نەسروڵا، ئەمیندارى گشتى حیزبوڵاى لوبنان و چەند سەرکردەیەکى ئەو حیزبە لەلایەن ئیسرائیلەوە.