کوردستان

لاهور شێخ جه‌نگى خه‌ڵكى سلێمانى له‌كاره‌ساتێكى گه‌وره‌ ئاگادارده‌كاته‌وه‌

29/09/2024

ده‌نگوباس:

لاهور شێخ جه‌نگى سه‌رۆكى به‌ره‌ى گه‌ل خه‌ڵكى سلێمانى له‌مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ ئاگادارده‌كاته‌وه‌، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ده‌سه‌ڵاتى حزبیى سلێمانى، سه‌رچاوه‌ى ئاوى سه‌رچنارى داوه‌ به‌كۆمپانیایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى باڵه‌خانه‌ى له‌سه‌ر درووستبكات".


له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ دەستەی داکۆکی لەژینگەو زەوی سلێمانی، لاهور شێخ جه‌نگى سه‌رۆكى به‌ره‌ى گه‌ل ئاشكرایكرد، "یه‌كه‌م كه‌س ده‌بم‌و یه‌كه‌م به‌رپرس ده‌بم، ده‌ڕۆمه‌ به‌رده‌م دادگا، ملم له‌موو باریكتره‌ ئه‌گه‌ر مه‌ترێك زه‌وى ئه‌مشاره‌م داگیركردبوو له‌سه‌رم ساغبووه‌وه‌".

وتیشى:"گۆیژه‌ ناسنامه‌ى ئه‌مشاره‌یه‌، من وه‌كو برایه‌ك داواكارییه‌ك ئاراسته‌ى كۆمپانیاى قه‌یوان ده‌كه‌م، ڕێگه‌ به‌و ته‌عدایه‌ مه‌ده‌ن له‌سلێمانى‌و ده‌ستپێشخه‌ربن، ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه‌ى خۆتان پشتگوێبخه‌ن‌و بیكه‌ن به‌منته‌ت به‌سه‌ر هه‌موومانه‌وه‌، ئه‌وكاره‌ى ده‌یكه‌ن بیوه‌ستێنن".

هۆشداریشیدا، "گۆڕانكاریى سیاسیى به‌ڕێوه‌یه‌، كه‌سى لێ ده‌رناچێت، كه‌ من خۆم ئاماده‌بم بچمه‌ به‌رده‌م دادگا، دڵنیابن هه‌موو ئه‌وانى دیكه‌ش ڕاده‌كێشمه‌ به‌رده‌م دادگا، داواكارم له‌كۆمپانیاى قه‌یوان، گه‌وره‌یى بنوێنن، ئێستا تكاو ڕجاتان لێده‌كه‌ین، چونكه‌ له‌م كاته‌دا ده‌سه‌ڵاتمان نییه‌، ئه‌مكاره‌ بوه‌ستێنن، ئه‌وه‌ى ده‌كرێ ته‌عدایه‌كى گه‌وره‌یه‌ له‌شارى سلێمانیى‌و خه‌ڵكى ئه‌مشاره‌ ده‌كرێت؟".

سه‌رۆكى به‌ره‌ى گه‌ل ئه‌وه‌ى وت:"ئه‌وه‌ى ئێستا كارى تێدا ده‌كرێت له‌چیاى گۆیژه‌، ته‌نها 300 دۆنمه‌، دوو هه‌زارو 261 دۆنمى دیكه‌ش له‌سه‌ر كۆمپانیایه‌ك تاپۆكراوه‌ له‌سه‌ر كۆمپانیایه‌ك چیاى ئه‌زمه‌ڕیشى له‌گه‌ڵه‌، واته‌ ئه‌م داگیركارییه‌ ته‌نها ئه‌م گردانه‌ى گۆیژه‌ نییه‌، به‌ڵكو چیاى ئه‌زمه‌ڕیشى له‌گه‌ڵه‌، له‌دواى هه‌ڵبژاردن، به‌نیازن ده‌ستبكه‌ن به‌تێكدانى چیاى ئه‌زمه‌ڕیش، دڵنیایان ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌مه‌یان بۆ ناچێته‌ سه‌ر".

لاهور شێخ جه‌نگى زانیارییه‌كى مه‌ترسیدارى ئاشكراكردو وتى:"سه‌رچاوه‌ى ئاوى سه‌رچنار دراوه‌ به‌بازرگانێكى ئه‌مشاره‌، به‌نیازن چه‌ندین باڵه‌خانه‌ى له‌سه‌ر دروستبكه‌ن، له‌كاتێكدا له‌ 37.5%ى ئاوى خواردنه‌وه‌ى سلێمانى له‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئه‌مه‌ى ڕوو ده‌دات به‌ڕاستى كاره‌ساته‌ كاره‌سات".


#لاهور شێخ جەنگی