کوردستان

كوڕێكى نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌رگاى گرده‌كه‌ داده‌خات‌و په‌یامێكیش ئاراسته‌ى عومه‌رى سه‌ید عه‌لى‌و دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید ده‌كات

27/09/2024

ده‌نگوباس:

لەناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان گرژیی دروستبوو، چیا نەوشیروان مستەفا-ش له‌كاردانه‌وه‌دا دەرگای سەرەکی گردی زەرگەتەی بەکۆنکرێت داخستووه‌و هاوكات په‌یامێكیشى ئاراسته‌ى عومه‌رى سه‌ید عه‌لى‌و داناى ئه‌حمه‌د مه‌جید كردووه‌.


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ستكه‌وتوون، سه‌ر له‌به‌یانى ئه‌مڕۆ هه‌یینى، گرژیى له‌مه‌كۆى سه‌ره‌كى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌گردى زه‌رگه‌ته‌ى شارى سلێمانى دروستبوو، هێزێكى زۆر له‌سه‌ر گرده‌كه‌ بڵاوه‌ى پێكراوه‌، زانیارییه‌كانیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئه‌و هێزه‌، هێزى یه‌كێتییه‌و له‌سه‌ر داواى چیا نه‌وشیروان مسته‌فا جوڵه‌یان پێكراوه‌.

چه‌ند زانیارییه‌ك كه‌ تایبه‌ت به‌ده‌نگوباس دراون باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، بڕیاربووه‌ سبه‌ینێ شه‌ممه‌ مه‌راسیمى ده‌ستبه‌كاربوونى دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید وه‌ك سه‌رپه‌رشتیارى بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانى چیا نه‌وشیروان مسته‌فاى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ به‌گوێره‌ى ئه‌و داواكارییانه‌ى چیا هه‌یبووه‌، داناى ئه‌حمه‌د مه‌جید نه‌چووه‌ته‌ ژێر باریانه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌مڕۆوه‌ كوڕه‌كه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا گرده‌كه‌ى كۆنترۆڵكردووه‌و بڕیاریداوه‌، ڕێگه‌ نه‌دات ئه‌و مه‌راسیمه‌ بكرێت‌و ده‌رگاى سه‌ره‌كى گرده‌كه‌شى داخستووه‌.

پێشتر زانیارییه‌كان باسیان له‌وه‌كردبوو، چیا نه‌وشیروان مسته‌فا ڕووبه‌ڕوو به‌عومه‌رى سه‌ید عه‌لى وتووه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵمان نییه‌و زۆرینه‌ى گۆڕانیش نایانه‌وێت ده‌سه‌ڵاته‌كانى خۆى وه‌ك ڕێكخه‌ر، بداته‌ داناى ئه‌حمه‌د مه‌جید.

له‌ئێستادا له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان گرژییه‌كى زۆر دروستبووه‌و دابه‌شبوون ڕوویداوه‌، به‌شێك لایه‌نگرى عومه‌رى سه‌ید عه‌لى‌و دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید-ن‌و به‌شه‌كه‌ى دیكه‌ش پشتیوانیى چیا نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كه‌ن، به‌ڵام هێز له‌ده‌ستى كوڕى نه‌وشیروان مسته‌فادایه‌ به‌ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانى‌و قوباد تاڵه‌بانى.

چه‌ند زانیارییه‌كى میدیاییش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، چیا نەوشیروان مستەفا پەیامی بۆ دانا ئەحمەد مەجیدو عومەر سەید عەلی ناردووەو پێیڕاگه‌یاندوون، "گردی زەرگەتە موڵکی ئێوە نییە تا مەڕاسیمی دەستبەکاربوونی بۆ ڕێکبخەن، لەشوێنێکی دیکە مەراسیمەکە بکەن‌و ئەوکەسە بکەنە ڕێکخەری خۆتان، نەك ڕێکخەری گۆڕان".


#گۆڕان