کوردستان

دوو شه‌ریكه‌كه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌یه‌كه‌م ڕۆژى بانگه‌شه‌دا چییان به‌یه‌كتر وت؟

25/09/2024

ده‌نگوباس:

ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌گرژیى ده‌ستى پێكرد، سه‌ره‌تا دواى گۆڕینى كه‌ڤه‌رى فه‌یسبووكه‌كه‌ى قوباد تاڵه‌بانى‌و ئاماژه‌كردن بۆ كۆتاییهێنان به‌ده‌سه‌ڵاتى خۆسه‌پێن، پێشه‌وا هه‌ورامانى له‌ناو كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وه‌ڵام تاڵه‌بانى داوه‌ته‌وه‌و نووسیویه‌تى:"كاك قوباد ئێمه‌ هێشتا له‌ناو كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانین‌و به‌رامبه‌ر دانیشتوى، كه‌واته‌ كامه‌ ده‌سه‌ڵات كۆتایی پێده‌هێنیت"، كه‌مێك دواتر ده‌مه‌قاڵێ له‌ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌نێوان بارزانى‌و تاڵه‌بانى ده‌ستى پێكرد.


ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م ڕۆژى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانه‌، به‌ڵام له‌یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دواى ده‌ستپێكردنى بانگه‌شه‌، سه‌رۆكى حكومه‌ت‌و جێگره‌كه‌ى به‌یه‌كدا هه‌ڵشاخان‌و به‌ده‌نگى به‌رز ڕووبه‌ڕووى یه‌كتر بوونه‌وه‌.

پێشه‌وا هه‌ورامانى له‌كۆمێنت بۆ وێنه‌ نوێیه‌كه‌ى كه‌ڤه‌رى فه‌یسبوكه‌كه‌ى تاڵه‌بانى هه‌ر له‌ناو كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران نووسیویه‌تى:"جەنابی بەڕێز کاک قوباد، ئێمە هێشتا لەناو کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانین‌و بەڕێزت وەک جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەم دەسەڵاتە دانیشتویت لەبەرامبەرم، کەواتە کامە دەسەڵات قەسدت ئەمەیە کە ئێستا کۆبوینەتەوە یان دەسەڵاتێکی دیکە هەیە، ئێ با دوای کۆبونەوە ئەم کەڤەرەت بگۆڕیبایه‌".

كه‌مێك دواتر مه‌سرور بارزانى وتوویه‌تى:"ئه‌رێ هه‌ر به‌ڕاست ئه‌و براده‌رانه‌ ده‌ڵێن كۆتایی پێده‌هێنین، مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه‌ كۆتایی به‌كێ ده‌هێنن به‌ئێمه‌ یان به‌سلێمانى؟، له‌و كاته‌دا قوباد تاڵه‌بانى وه‌ڵامى مه‌سرور بارزانیى داوه‌ته‌وه‌و وتویه‌تى: نه‌خێر كۆتایی به‌ئێوه‌ ده‌هێنین".

قوباد تاڵه‌بانى به‌رده‌وام بووه‌ له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ى مه‌سرور بارزانى‌و ڕایگه‌یاندووه‌، "كۆتایی به‌ئێوه‌ ده‌هێنین، كۆتایی به‌خۆسه‌پێنى ئێوه‌ ده‌هێنین، كۆتایی به‌و جۆره‌ حوكمڕانیه‌ى ئێستا ده‌هێنین".

له‌وكاته‌دا كه‌ قوباد تاڵه‌بانى قسه‌كانى ته‌واو بوو، مه‌سرور بارزانى به‌تاڵه‌بانى وتووه‌، چۆن كۆتایی پێده‌هێنن‌و به‌چى كۆتایی پێده‌هێنن؟ قوباد تاڵه‌بانى-ش وتویه‌تى، به‌خه‌ڵك‌و ده‌نگى خه‌ڵك ئه‌مجاره‌ كۆتایی پێده‌هێنین.

ئه‌م شه‌ڕو ده‌مه‌قاڵێیه‌ له‌كاتێكدایه‌، دواى كۆتاییهاتنى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌زارى به‌رپرسه‌ باڵا حزبى‌و حكومییه‌كانى هه‌ردوو حزبى ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ ڕاشكاوانه‌ وتراوه‌، ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌ى بانگه‌شه‌دا ده‌كرێ‌و ده‌وترێ، ته‌نها بۆ بانگه‌شه‌یه‌و هیچى تر، یه‌كێتى‌و پارتى هه‌ریه‌ك بوون.
#حکومەتی هەرێمی کوردستان