کوردستان

وەزارەتی پێشمەرگە: لەکاتی شەڕدا ڕێز له‌ئافره‌تان‌و ژنان دەگیرێت‌و جه‌سته‌ی خانمان پارێزراودەبن

24/09/2024

ده‌نگوباس:

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، ڕێزگرتن له‌ ئافره‌تان و ژنان له‌كاتی شه‌ڕدا، هه‌وڵده‌دات كه‌رامه‌ت و جه‌سته‌ی خانمان پارێزراو بن.


ئه‌مڕۆ سێشەممە وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردووەتەوە، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ داكۆكیكاری یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی‌و یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ‌و به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌كان بووه،‌ له‌مه‌ودواش درێژه‌ به‌م سیاسه‌ت‌و بنەماو بیروباوەڕەی ده‌دات‌و به‌رده‌وامده‌بێت، به‌تایبه‌تی ڕێزگرتن له‌مافه‌كانی ئافره‌تان‌و ژنان‌و زیاتر له‌كاتی ململانێ‌و شه‌ڕو ئۆپه‌راسیۆنه‌كاندا هه‌وڵده‌دات كه‌سایه‌تی‌و كه‌رامه‌ت‌و جه‌سته‌ی خانمان پارێزراوبن.

ئاماژە بەوەشدەکات، له‌سه‌ر‌ ئاستی حكوومه‌تی هه‌رێم‌و داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان، بڕیارو فەرمانی ڕاشكاوانه‌ ده‌ركراوه‌ بۆ قەدەغەکردنی هەر جۆرە توندوتیژیەکی سێکسی دژی هاووڵاتیانی مەدەنی لەکاتی ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێک، بەتایبەتی دژی ژنان‌و کچان.

دەشڵێت، "له‌بڕیارو فه‌رمانه‌كاندا ئاماژە بەوەدراوه‌ کە توندوتیژی سێکسی لەململانێی چەکداریدا لەوانەیە ببێتە تاوانی نێودەوڵەتی‌و تاوانی جەنگ‌و تاوانی دژی مرۆڤایەتی‌و جینۆساید، ئه‌مه‌ش لێپرسینه‌وه‌و ناوزڕاندنی به‌دواوه‌ ده‌بێت".

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌شى باسكردووه‌، "بەردەوامی بەكه‌لتووری مرۆڤدۆستی دەدات‌و هەوڵدەدات بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی‌و ئافره‌تان‌و منداڵان‌و پێكهاته‌كان‌و پاراستنی کەرامەت‌و بەرزڕاگرتنی مافەکانی مرۆڤ‌و به‌ها مرۆڤایەتییه‌كان".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا باس له‌وه‌شكراوه‌، پابەند دەبێت بەیاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، لەوانەش ڕێککەوتننامەی یه‌كه‌می ژنێڤ کە ئافره‌تان بەهۆی ڕەگەزیانەوە پێویستە بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.


#باشووری کوردستان