رۆژهەڵاتی ناوەراست

موقتەدا سەدر هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات

23/09/2024

دەنگوباس
موقتەدا سەدر داوا لەپەرلەمانى عێراق دەکات بڕیارێک دەربکات بۆ کەمکردنەوەى نوێنەرایەتیى دیپلۆماسیی ئەمریکا، تەنانەت ئەگەر حکومەتیش جێبەجێى نەکات، دەڵێت:"پاڵپشتیى جەماوەریى بڕیارەکە دەکەم".


موقتەدا سەدر سەرۆکى ڕەوتى نیشتمانیى شیعە لەتۆڕی ئێکس، ئەمریکا بەپاڵپشتیکردنى ئیسرائیل تۆمەتباردەکات لەهەموو هەڵسوکەوتەکانى بەرامبەر بەگەلى فەڵەستین‌و لوبنان‌و گەلانى دیکە، بۆ ئه‌وه‌ش داواى لەپەرلەمانى عێراق کردوه‌، بڕیارێک دور لەتوندوتیژی دەربکات بۆ کەمکردنەوەى نوێنەرایەتیى دیپلۆماسى ئەمریکا وەکو قۆناغى یەکەم، تەنانەت ئەگەر حکومەتى عێراقیش جێبەجێى نەکات، وه‌كو ده‌ڵێت:"دەبێت پەرلەمان نوێنەرایەتیى گەلى عێراق بکات، منیش ئامادەم بۆ پاڵپشتیى بڕیارەکە لەڕوى جەماوەرییەوە".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى په‌یامه‌كه‌یدا سه‌در نوسیویه‌تى:"داوا لەڕێکخراوى هاریکاریى ئیسلامى‌و کۆمکارى عەرەبی ده‌كه‌م مامەڵەکردن لەگەڵ ئیسرائیل بەتاوان بناسێنن‌و ئەو وڵاتانە کەنارگیر بکەن کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردوەتەوە یان ئاسایی دەکەنەوە".

هه‌روه‌ها داواشیکردوە دەستوەردانى ئەمریکا لەوڵاتانى عەرەبی‌و ئیسلامى‌و باڵیۆزخانەکەشى سنورداربکەن‌و هەوڵبدرێت پەیوەندیى ئابوریى لەگەڵیدا بپچڕێنرێت.