دهنگوباس:
حزبوڵڵای لوبنانی ئاشكرایكرد، وەکو تۆڵەکردنەوەی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیجەرو هۆکی تۆکییەکان لەلوبنان، بهیانى ئهمڕۆ یەکشەممە، کۆگایەکی سوپای ئیسرائیلیان لەباکووری ئەو وڵاتە کردووەتە ئامانجو ئیسرائیلیش بۆ یهكهمجار ڕایدهگهیهنێت، "حەسەن نەسروڵڵاى ئهمیندارى حزبوڵڵا دهکاتە ئامانج".
ئهمڕۆ یەکشەممە حزبوڵڵاى لوبنان لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کۆگایەکی سەربازیی ئیسرائیلیان بەناوی کۆمەڵگەی پیشەسازیی ڕافایل لەنزیک شاری حەیفا بەڕۆکێت کردووەتە ئامانج.
میدیای ئەمریکا زانیاریى لهبارهى ئهو هێرشه مووشهكییهى حزبوڵڵاوه بڵاوكردوهتهوهو نووسیویهتى:"لەهێرشەکانی بەرەبەیانی ئهمڕۆ یەکشەممەدا، حزبوڵڵا زیاتر لە 100 ڕۆکێتی ئاراستەی ئەو کۆمەڵگە سەربازییە کردووەو بەگوێرەی تیمە فریاگوزارییەکانی ئیسرائیلیش لەئەنجامی ئەو هێرشە ڕۆکێتییە، سێ کەس برینداربوون، ئەمە جگەلەوەی زیانی بەچەندین باڵەخانەو ئۆتۆمبێلیش گەیاندووە".
لاى خۆیشیهوه میدیای ئیسرائیل باسى لهوهكردووه، ژمارەیەک لەڕۆکێتەکانی حزبوڵڵا، لەجۆری کاتیۆشا بوونو لەناوچەی کەریوت لەنزیک شاری حەیفا کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام زۆربەی ڕۆکێتەکانیشیان پێش کەوتنە خوارەوەیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئیسرائیلییەوە تێکشکێندراونو تەنها 10 لەڕۆکێتەکان گەیشتوونەتە ناو خاكی ئیسرائیل.
لهبهرامبهریشدا حزبوڵڵا وتوویهتى:"ئەو هێرشانە لەتۆڵەی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیجەرو وۆکی تۆکییەکانی لوبنان بووە كه لەڕۆژانی سێشەممەو چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو بووە هۆی کوشتنی 37 کەسو برینداربوونی زیاتر لەسێ هەزار کەسی دیکەش".
هەرچەندە، تائێستا ئیسرائیل بەرپرسیارێتی خۆی لەو تەقینەوانە ڕانەگەیاند، بەڵام حزبوڵڵا، ئیسرائیلی تۆمەتبارکردو زۆربەی قوربانییەکانی تەقینەوەکەش، ئەندامانو چەکداری حزبوڵڵا بوون.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕابردووش، لەئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی باشووری بەیروت، 14 کەس کوژران، ئیبراهیم عەقیل فەرماندەی باڵای حزبوڵڵا یەكێکبوو لەکوژراوەکان، هەروەها 66 کەسیش برینداربوون.
هاوكات ئیسرائیل ڕایگهیاندووه، 400 سەکۆی مووشەکیی حزبوڵڵایان تیکشکاندووە، ئهنجوومهنى سیاسی ئیسرائیلیش داوایکردووە هیرشەکان قورسترو چڕتر بکرێنهوه لەسەر حزبوڵڵاو ههموو ئامانجهكانیش بهئاراستهى ئهوهبێت، حهسهن نهسروڵڵا ئهمیندارى حزبوڵڵاى لوبنانى بكرێته ئامانجو لهناوببرێت.
#ئیسرائیل