رۆژهەڵاتی ناوەراست

سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنان هه‌ڵوێستى ڕاگه‌یاندو بایكۆتی نەتەوەیەکگرتووەکان ده‌كات

21/09/2024

ده‌نگوباس:

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى سوپای ئیسرائیل، حزبوڵڵای لوبنان نزیكه‌ی 100 مووشه‌كی ئاراسته‌ی ناوچه‌ جیاجیاكانی كردووه‌، هاوكات سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنانیش به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی، بڕیاریدا به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ئه‌مریكا نه‌كات‌و بایكۆت بكات.


ئه‌مڕۆ سوپای ئیسرائیل ئشكرایكرد، حزبوڵڵای لوبنان له‌دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆوه‌، 90 مووشه‌كی ئاراسته‌ی ناوچه‌ جیاجیاكانی كردووه‌، به‌ڵام تائێستا زانیاریی ورد له‌باره‌یانه‌وه‌ ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆش حزبوڵڵای لوبنانی لاى خۆیه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، 16 ئەندامیان لەهێرشێکی ئیسرائیلدا کوژراون، کە لانی کەم دوو سەرکردەیان تێدایە.

هه‌ر ئه‌مڕۆش ئیسرائیل په‌یامێكى به‌په‌له‌ى بڵاوكرده‌وه‌و جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى، گورزێكی وردی لەباشووری بەیرووت دژ به‌حزبوڵڵا وەشاندووە.

له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ حزبوڵڵا ڕاگه‌یه‌ندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و نووسیویه‌تى:"ئەحمەد مەحموود وەهبی بەرپرسی یەکەی ڕاهێنانی ناوەندیی بووە، لەسەرەتای شەڕی غەززە تاسەرەتای ساڵی 2024 سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هێزی ڕەزوانی لەبەرەی پشتیوانیی لوبنان کردووەو له‌هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئیسرائیلدا كوژراوه‌".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، نه‌جیب میقاتی سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری لوبنان بڕیاریدا سه‌ردانی نیویۆرك نه‌كات بۆ به‌شداریكردن له‌كۆبوونه‌وه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌هۆی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی.

میقاتی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا داوای له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كردووه‌، كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی ئیسرائیل له‌وڵاته‌كه‌ی ڕابگرێت.

ڕۆژى 17ی ئەیلوولی 2024 لەیەک کاتتدا ئامێرەکانی بێتەلی پەیجەری ئەندامانی حزبوڵڵا لەلوبنان تەقینەوە، بەهۆیەوە 11 كه‌س کوژران کە یەکێکیان منداڵێک بوو، 2800 کەسی دیکەش برینداربوون كه‌ برینی 400یان سه‌خته‌.

ڕۆژێك دواتریش واته‌ 18ی ئەیلوولی 2024، جارێکی دیکە، سەدان ئامێری بێتەلی جۆری وۆکی تۆک ئایکۆم کە بەدەست ئەندامانی حزبوڵڵای لوبنانیەوەن، تەقینه‌وه‌، تائێستا بەهۆیەوه‌ چه‌ند کەسێك کوژران‌و زیاتر لە 300 کەسیش برینداربوون.

هەر زوو دوای ڕووداوی تەقینەوەکان، حزبوڵڵای لوبنانی ڕایگه‌یاند، هه‌واڵگریی ئیسرائیل توانیویه‌تی دزە بکاتە ناو ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیی ئه‌ندامانیان، لەپاڵ ئەویشدا ئاژانسی نیشتمانیی لوبنان ئاماژەی بەوەکرد، هه‌واڵگریی ئیسرائیل دزەی کردووەتە ناو ئامێری بێتەلی جۆری "په‌یجه‌ر"ی ئه‌ندامانی حزبوڵڵا كه‌ ئامێرێكی بچووكه‌و بۆ په‌یوه‌ندیی به‌كاردێت، بەهۆی تەقینەوەی ئامێره‌كانیش دەیان ئەندامی حزبوڵڵا برینداربوون.

ڕۆژى 19ى ئه‌م مانگه‌ش بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆکەوانی مەدەنی لوبنان ڕێنمایی نوێی لەبارەی ئامێرەکانی بێتەلی پەیجەرو وکی توکی بڵاوکردەوەو داوای لەسەرجەم ئەو کۆمپانیا فرۆکەوانیانە كرد، کە لەفڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لەبەیرووت کاردەکەن، گەشتیارانیان لەهەڵنەگرتنی ئەو ئامێرانە ئاگاداربکەنەوە، بەوپێیەی ڕێگەپێدراو نییە.

پێنجشه‌ممه‌، 19ـی ئه‌یلوولی 2024، فیراس ئه‌بیه‌ز وه‌زیری ته‌ندروستیی لوبنان ڕایگه‌یاند، له‌ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی ئامێره‌كانی بێته‌ل له‌ماوه‌ی ڕۆژانی سێشه‌ممه‌و چوارشه‌ممه‌ 17و 18ـی ئه‌یلوول، 37 كه‌س كوژراون‌و زیاتر له‌دوو هه‌زارو 350 كه‌سیش برینداربوون.


#ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست