کوردستان

هاتووچۆى له‌باره‌ى ئۆتۆمبێله‌ بێسه‌ره‌تاكانه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

15/09/2024

ده‌نگوباس:

دواى ئه‌وه‌ى میدیاى یه‌كێتیى بڵاویكرده‌وه‌، ئاسایشى سلێمانى کۆد بۆ ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان دەکات بۆ ئەوەى تەنها یەک تابلۆ هەڵبواسن‌و سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌هاتووچۆوه‌ وتبووى، لەگەڵ چارەسەرى کێشەى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانین، هاتووچۆ وه‌ڵامێكى توندى ئه‌و هه‌واڵه‌ ده‌داته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هەموو ئەو بابەتانه‌ دوورن لەڕاستی‌و کاڵایەکی خراپی کەمپەینی پێشوەختەی هەڵبژاردنە".


ئه‌مڕۆ میدیاى یه‌كێتى له‌زارى دوو سه‌رچاوه‌ی ئاسایش‌و هاتووچۆوه‌ بڵاویكردبووه‌وه‌، بەهۆى ئەوەى بەشێک لەئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان چەندین تابلۆى جیاوازیان هەڵدەواسى، هەیانبوو شەش تابلۆى هەبوو، بڕیارماندا لەڕووى ئەمنییەوە کۆنترۆڵى ئەم بابەتە بکەین‌و هەریەکەو یەک تابلۆیان پێبدەین، لەکۆتایى مانگى ڕابردووەوە پێدانى تابلۆکە دەستیپێکردووەو تێیدا زانیاریى‌و شانسى‌و خاوەنى ئۆتۆمبێلەکە لەکۆدەکەى لاى ئاسایش تۆماردەکرێت".

هه‌ر له‌و ڕووه‌وه‌ میدیاى یه‌كێتیى له‌زارى سەرچاوەیەک لەبەڕێوەبەرایەتى هاتووچۆى سلێمانیه‌وه‌ باسى له‌وه‌كردووه‌، بەهەوڵێکى گونجاوى ده‌زانن بۆ چارەسەرى کێشەى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌شدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتووچۆى سلێمانى ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و نووسیویه‌تى:"هەندێک دەنگۆ دەربارەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بڵاوکراونەتەوەو بەناوی هاتووچۆی سلێمانییەوە قسەکراوە، هەموو ئەو بابەتە دوورە لەڕاستی‌و کاڵایەکی خراپی کەمپەینی پێشوەختەی هەڵبژاردنە".

هاتووچۆی سلێمانی جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، "له‌هاتووچۆى سلێمانى هۆبەیەک بوونى نییە بەناوی وتەبێژه‌وەو هیچ ئەفسەرێکمان ناونیشان‌و پۆستی وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی نییە، دەربارەی ئەو جۆرە بابەتەش کەس بۆی نییە بەو ناوەوە لێدوان بدات، هیچ بڕیارێکی نوێ-ش دەربارەی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا نییە".


#سلێمانی