رۆژهەڵاتی ناوەراست

وه‌زیرى به‌رگریى عێراق بانگهێشتى په‌رله‌مان ده‌كرێت

14/09/2024

ده‌نگوباس:

ئەندامێکى کوتلەى سادقوون لەپەرلەمانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕێککەوتنێکى نێوان عێراق‌و تورکیا ڕێگەى بەهێرشەکانى تورکیا بۆ ناو خاکى عێراق دەدات‌و لەڕێککەوتنەکەدا کشانەوەى هێزەکانى تورکیاو پێشیلنەکردنى سەروەرى عێراقی تێدانییە، دەشڵێت:"لەسەر ئەو پرسە وەزیرى بەرگریى بانگهێشتى پەرلەمان دەکەن".


ئەحمەد موسەوى، ئەندامى کوتلەى سادقون لەپەرلەمانى عێراق بەمیدیا عێراقییەکانى ڕاگەیاندووە، لەچەند ڕۆژی داهاتوودا لەپەرلەمان میوانداریی وەزیری بەرگریی عێراق دەکات، ئەمەش لەبەرامبەر ئیمزاکردنى یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی ئەمنی نێوان بەغداو ئەنكەرە کە ڕێگە بەهێرشی هێزەکانی تورکیا دەدات بۆ ناو خاکی عێراق بەبیانووی ڕاوەدوونانی ئەندامانی پەکەکە.

موسەوی ئاماژەی بەوەشدا، ئەندامانى پەرلەمان ئاگاداریی وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکەنین‌و نیگەرانى خۆى دەربڕى لەوەى، بڕگەکانی کشانەوەی هێزەکانی تورکیاو ڕێگریکردنیان لەپێشێلکردنی سەروەری عێراق ناگرێتەوە، کە دەبوایە یەکبوایە لەخاڵەکانى ڕێککەوتنەکە.

دواى ڕێککەوتنى نێوان عێراق‌و تورکیا، کە ڕێگە بەسوپاى تورکیا دەدات لەناو خاکى هەرێم جوڵە بکات، هێرشەکانى تورکیاو بەتایبەت هێرشى ئاسمانى بۆسەر هەرێم تادێت بەرفراوانتر دەبێت‌و ئەمەش زیانى زۆرى لەگوندنشینان گەیاندووە.


#عێراق