دهنگوباس:
یەکێک لەنوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ئاشكرایكرد، شەوی ڕابردوو وەزارەتی پەروەردەی هەرێم وردبینیی لەلیستی مامۆستایانی وانەبێژ تەواوکردووەو بڕیارە هەفتەی داهاتوو بۆ دامەزراندنیان ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت.
عەلی ڕەئووف نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لهڕاگهیهنراوێكدا ئاشكرایكردووه، درەنگانى شەوی ڕابردوو لیژنەی تایبەتمەند لەوەزارەتی پەروەردە وردبینیی لەلیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژو زانیارییەکانیان تەواوکرد، بڕیاروایه ڕۆژی دووشەممە، 16ی ئەیلوول، لیستەکە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکات بۆ دامەزراندنیان.
ڕوونیشیکردووهتهوه، "پێشتر لیستەکە لەلایەن پەروەردەکانەوە ئامادەکرابوو، لیژنەیەک لەوەزارەتی پەروەردە وردبینیی تێداکرد، دواتر لیژنەکانی تایبەتمەندی پەروەردەکان بانگهێشتی وەزارەت کرانو وردبینی کۆتایی کراو ئێستا لیستەکە تەواو بووە".
25ی ئاب، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا وانەبێژان بکاتە گرێبەست بڕیارە تاوەکو 25ی ئەم مانگە ڕێکارەکانی بەگرێبەستبوونەکە کۆتایی بێت.
کەمترین مووچەی وانەبێژ 250 هەزار دینارەو زۆرترینیشیان 400 هەزار، ئەوەش بەگوێرەی بڕوانامەکانیان پۆلێن دەکرێت.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی داراییو ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لەهەرێمی کوردستان 38 هەزارە، ئەگەر وانەبێژان وەکو گرێبەست دابنرێن، مانگانە پێویستیان بە 18 ملیار دینار دەبێت.
#باشووری کوردستان