کوردستان

مامۆستایانی ناڕازيی سلێمانی وه‌ڵامێكى توندى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى ده‌داته‌وه‌

12/09/2024

ده‌نگوباس:

ئه‌نجومه‌نى مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی ئاشكرایده‌كات، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى له‌نێو بۆنەیەکی پەروەردەییدا وتوویه‌تى: له‌دەست شکانەوە لەگەڵ پەروەردەدا، ئێمە دەست شکانەوەکەمان بردەوە له‌مامۆستایان، له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌ڵێت:"نەك دەست شکانەوەکەتان نەبردووه‌تەوە، بەڵکو کەرتی پەروەردەتان وێرانکردو لەیەکەم هەفتەی بڕیاری بوێرانەی خۆپیشاندانەکان‌و بایکۆتی ناچاری مامۆستایانەوە دەستی حزبیتان شکایەوە".


له‌ژێر ناوى (وەڵامێکی پێویست بۆ جێگری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی)، ئه‌نجومه‌نى مامۆستایانى ناڕازیى سلێمانى ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "دوێنێ چوارشه‌ممه‌ جێگری بەڕێوه‌بەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەچوارچێوەی وتارێکی نێو بۆنەیەکی پەروەردەییدا هەندێك دەستەواژەی ناپەروەردەیی بەکارهێنا، وێڕای ئەوەی تۆمەتێکی ناڕەوای خستە پاڵ مامۆستایانی خاوەن ئیرادەی شەقام، لەبری ئەوەی باس لەگرفتەکانی پەروەردەو چارەسەرکردنی قەیرانەکان‌و پلانی سەرخستنی کەرتی پەروەردە بکات کە ساڵ بەساڵ وێرانتر دەبێت".

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "لەوتارەکەی مامۆستا عومەردا، زۆر بەتوندیی‌و بەخۆهەڵکێشانەوە خەباتی مامۆستایانی ناڕازیی بەدەست شکانەوە لەگەڵ پەروەردەدا لەقەڵەمداو وتی: ئێمە دەست شکانەوەکەمان بردەوە، کە لەڕاستیدا خەباتی مامۆستایان لەپێناو قوت‌و شکۆو ژیانێکی شایستەدا بووەو هەیە، ئێمە هەمیشە خوێندکارو مامۆستاو دامەزراوە پەروەردەییەکانمان وەك یەك پاکێج تەماشاکردووەو لەخەمی ئەوەدابووین کە خوێندن بەشێوازێکی دروست بخرێتەوە سەر پێی خۆیی‌و تەنها بەڕێکردنی ساڵ نەبێت‌و گرفتەکان چارەسەر ببن، نەك دەست شکانەوەو بردنەوەو دۆڕاندن".

هۆشداریده‌ده‌ن‌و ده‌ڵێن:"ئەو جۆرە لێدوانانە بەدەستەواژەی ناپەروەردەیی‌و لێکەوتەی دەستوەردانی حزبی دەزانین لەکایەی پەروەردەدا، بۆیە لێرەوە بەبەڕێزیان‌و هەموو ئەوانەی بەو شێوازە بیردەکەنەوە دەڵێین، نەك دەست شکانەوەکەتان نەبردووه‌تەوە، بەڵکو ئێوە کەرتی پەروەردەتان وێرانکردووەو هەر لەیەکەم هەفتەی بڕیاری بوێرانەی خۆپیشاندانەکان‌و بایکۆتی ناچاری مامۆستایانەوە، دەستی حزبیتان شکایەوە".

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "گەر کەمێك لەخەمی پەروەردەدا بوونایە، دەبوو هەر زوو دەستی شکاوەتان بکێشایەتەوە، کە لەڕاستیشدا دەبوو دەست شکانەوەی ئێوە لەگەڵ ئەو عەقڵیەتە بێت کە خوێندنی بێبەها کردووەو قوت‌و ژیانی خەڵکی بڕیوە، کە خۆتان بەشێکن لێی".

ئاماژه‌ به‌به‌شێكى تر قسەکانی جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى كراوه‌ كه‌ وتوویه‌تى: مامۆستایانی ناڕازیی ویستیان ئاراستەکەیان بەرەو ماڵی من بێنن‌و بەرد بارانم بکەن، بۆ ئه‌وه‌ وتوویانه‌، "ئەم قسەیە وێڕای ئەوەی هیچ بنەمایەکی ڕاستی تێدانییە، هەوڵی خۆ وەك پاڵەوان نیشاندانەو هیچی تر، چونکە لەماوەی خەباتی مەدەنیدا، مامۆستایان جگە لەدامەزراوە فەرمیەکان‌و بارەگا حزبیەکان کە سەرچاوەی هەموو نەهامەتی‌و وێرانکاریەکانی ئەم وڵاتەن، نەچوینەتە هیچ جێگایەکی ترو هەر جێگایەکیش بڕیارمان لێدابێت خۆپیشاندانمان تێدا ئەنجامداوەو سڵمان لەفشارو هەڕەشەی هیچ بەرپرسێکی باڵای بڕیار بەدەستیش نەکردووه‌تەوە، نەك ئەوانەی کە هیچ بڕیارێکیان لانییە".

ئه‌نجومه‌نه‌ ته‌ئكیدیى له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌، "بۆیە قسەکانی جێگری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕەتده‌کەینەوەو بەهەوڵی خۆبردنە پێشەوەی حزبی دەزانین‌و بەبیری دێنینەوە کە مامۆستایان لەماوەی خەباتی مەدەنی چەند ساڵەدا لەهەر جێگایەك بڕیارمان لەبارەوە دابێت خۆپیشاندانەکانمان ئەنجامداوە، هەر لەچونە هەولێرو بەردەم نەتەوەیەکگرتووەکان‌و بەردەم بارەگای سەرەکی حزبەکان‌و سەرای ئازادی‌و گرتنی ڕێگه‌ی سەرەکی کەرکوك -سلێمانی لەبازگەی چیمەن‌و دوا خۆپیشاندانیش بۆ بەردەم دەباشان بوو، چەندین بڕیاری تری گرنگی بوێرانە".

ئه‌وه‌شیان ڕاگه‌یاندووه‌، "حکومەتێكی شکستخواردووی پڕ لەقەیرانی نابەرپرس دەبێت بزانێت بەرپرسەکانی چۆن قسە دەکەن، تا لەوە زیاتر نەبنە بارگرانیی، چونکە مامۆستایان‌و فەرمانبەران وەك زیندوترین توێژ لە10 ساڵی ڕابردوودا گەورەترین نەخێریان بەگوێی دەسەڵاتدا داوەو توانیویانە دەنگی ناڕەزایی بگەیەننە تەواوی ناوەندە جیهانیەکان‌و لەعێراقیشدا بەچاوی خۆتان دەبینن ڕۆژ بەڕۆژ چ شکستێك ڕووبەڕووی ئەم دەسەڵاتە دەبێتەوە".

له‌كۆتاییشدا باسیان له‌وه‌كردووه‌، "بینیتان چۆن هەنگاوە مەدەنیەکانمان توانییان بگەنە دادگای فیدراڵی‌و پەرلەمان‌و حکومەت‌و ناوەندەکانی بڕیار لەبەغداو لەهەمووشیاندا ئیرادەی خەباتی مەدەنی سەرکەوتوو بووەو دەستی دەسەڵاتی خۆسەپێنی تێدا شکاوە، تازە بەتازە بەرپرسێكی بەتەزکیە دانراوی حزبی باسی بردنەوەو دەست شکانەوە دەکات، لەبری ئەوەی داوای لێبوردن لەکەسوکاری خوێندکاران‌و مامۆستایان بکەن‌و بڵێن ئێمە نەمانتوانی چارەسەری گرفتەکان بکەین‌و ئەوە چەندین ساڵە خوێندن بەڕێدەکرێت‌و هیچ ساڵێك وەك ساڵێکی ئاسایی تێنەپەڕیوەو داوای لێبوردنتان لێدەکەین، نەك خۆ هەڵکێشان‌و لێدوانی ناپەروەردەیی، سەبارەت بەساڵی نوێی خوێندنیش لەئایندەیەکی نزیکدا ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان‌و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت".


#سلێمانی