رۆژهەڵاتی ناوەراست

شیعه‌كانى عێراق ده‌نگى ناڕه‌زاییان به‌رزكرده‌وه‌و ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ توركیا ڕه‌تده‌كاته‌وه‌

10/09/2024

ده‌نگوباس:

به‌گوێره‌ى میدیا عێراقیه‌كان، چوارچێوەی هەماهەنگی یاداشتە ئەمنیەكەی عێراقى لەگەڵ توركیا ڕەتكردووه‌ته‌وه‌و جه‌ختیشیكردووه‌ته‌وه‌، رێگەنادەن بەدامەزراندنی ناوەندی ئەمنیی لەناو سنوری عێراق‌و جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستى دیاریكردنى خشتەیەكی زەمەنی بۆ كشانەوەی سوپای توركیا له‌خاكى عێراق.


چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، لەبارەی یاداشتە ئەمنیەكەی نێوان بەغداو ئەنكەرەو لێكەوتە چاوەڕوانكراوەكانی لەسەر عێراق، كۆبووەتەوە، له‌و ڕووه‌وه‌ كەناڵی (العهد)، لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی، بە ئامادەبونی محه‌مەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، كۆبووەتەوە.

لەكۆبونەوەكدا، جەخت لەپێویستی پارێزگاریكردن لەسەروەری عێراق‌و ڕێگەنەدان بەهیچ دەستوەردانێك كراوەتەوە كە زیان بەئاسایشی نیشتمانی بگەیه‌نێت.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا چوارچێوەی هەماهەنگی، پێداگریی لەسەر ئەوەكردووە، یاداشتەكە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی مافەكانی عێراق‌و خاكەكەی بێت‌و خشتەیەكی زەمنیش بۆ كشانەوەی تەواوی سوپای توركیا لەعێراق دیاریبكرێت.

سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دامەزراندنی ناوەندی ئەمنیی لەناو سنوری عێراق‌و بوونی ناوچەی ژێر دەستی هێزەكانی توركیایان ڕەتكردووەتەوە.

لەكۆبونەوەكەدا، ئاماژە بەمەترسییەكانی ئەو یاداشتە كراوە لەسەر ئاسایشی عێراق‌و داوای گەرەنتی كراوە بۆ پارێزگاریكردن لەبەرژەوەندیەكانی.

چوارچێوەی هەماهەنگی، داوای لەحكومەت كردووە هەنگاوی جدی بنێت بۆ زامنكردنی بەرژەوەندیەكانی عێراق، لەڕێككەوتنەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌و بەپێویستیشان زانیوە لەیاداشتە ئەمنیەكەدا، سەربازانی توركیا ملكەچی بڕیارە دادوەریەكانی عێراق بن.

سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، جەخیشیانكردووه‌ته‌وه‌، ڕێگەنادەن بەقۆستنەوەی  یاداشتەكە، پێویستە دەق‌و دەستەواژەكانی ڕوون بن‌و ڕێگەشنادەن یاداشتەكە ببێت بەچەترێك بۆ بوونی سەربازی ناشەرعی سوپای توركیا لەعێراق.


#عێراق