کوردستان

مەلا بەختیار: بیناکانیان داگیرکردووین، بۆیان نییە چالاکیەکانمان داگیربکەن

10/09/2024

ده‌نگوباس:

سایتی چاودێر بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌، لیژنەی باڵای 27مین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەسەرپەرشتی مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، کۆبووه‌وەو تاوتوێی ئامادەکاریەکانی فێستیڤاڵیان کرد.

 
مەلا بەختیار ڕایگەیاندووه‌، "کێشەی داگیرکردنی ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر، کێشەی بنکەی گەلاوێژ نییە بەتەنها، بەڵکو کیشەی تەواوی سەنتەرەکانی ناو ناوەندەکەیە لەوانە: پلاتفۆڕمی دابڕان،  فێمێنیزمی ڕۆشنگەری، ڕادیۆی مەدەنیەت، چوار سایت، هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، هۆڵی دیالۆگ، بەڕێوەبردنی سیمیناری هەفتانەو دەرکردنی گۆڤارو پەیجەکان، بۆیە هاتنەسەر ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر، قفڵدانی کۆی ئەو سەنتەرو بەش‌و چالاکیانەیە نەک بەتەنها بنکەی گەلاوێژ، لەگەڵ ئەوەشدا کە بیناکانیان داگیرکردووە، بەڵام بۆیان نییە چالاکیەکانیشمان داگیربکەن".

وتووشیه‌تى:"ئێمە لەئەنجامدانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەردەوامدەبین‌و هەموو ئەو ڕوناکبیرو نووسەرانەی لە26 ساڵی ڕابردوودا خەمی ئەدەب‌و مەعریفەو ڕۆشنگەری  کۆیکردووینەتەوە، بەپاڵپشتی خۆمانیان دەزانین، بۆیە ئەوەی فێستیڤاڵی ڕاستەقینەی دەوێت، ئێمە بەردەوامدەبین، ئەوەشی خەڵکی دیکەی دەوێت ئەویش ئازادە، مێژووش دەریدەخات کێ خاوەندارێتی ڕاستەقینەی فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەکات، بێگومانیش خۆم سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵم‌و پەیوەندیی‌و متمانەیەیەکی بەهێز لەنێوان من‌و نووسەرانی عەرەب‌و نووسەرانی تەواوی کوردستان دروست بووە، بۆیە بەپشتیوانی خەمخۆران‌و دۆستانی ڕۆشنبیریی، بەردەوامدەبین، ناهێڵین کاروانی ڕۆشنگەریی‌و مەعریفەو ئازادیی عەقڵ، بەڕووداوێکی نەخوازراو، پەکبخرێت".


#باشووری کوردستان