کوردستان

هێمن میرانى: تا كۆتایی ئه‌مساڵ هه‌ژمارى من‌و بایۆمه‌ترى ته‌واو ده‌كه‌ین

10/09/2024

ده‌نگوباس:

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەبەغداوە بەردەوامدەبێت‌و له‌هه‌رێمیش هه‌ژمارى من‌و بایۆمه‌تریش ته‌واو ده‌بێت.

 
هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، "حکومەتی کوردستان تاوەکو سەری ساڵ بایۆمەتری‌و هەژماری من تەواو دەکات".
 
ده‌شڵێت:"بەرهەمی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەت؛ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا کە تاوەکو کۆتایی ساڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبێت".
 
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا دەنگی لەسەر پەسەندکردنی ڕاسپاردەی کۆبوونەوەی هاوبەشی دوێنێی ئەنجوومەنی ئابووری فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگیداوە بە ناردنی مووچە ڕاگیراوەکانی هەرێمی کوردستان لەمانگی شوباتەوە تاوەکو مانگی ئاب‌و بەردەوامبوون لەسەر خەرجکردنی مووچەکانی هەرێم تاوەکو کۆتایی ساڵی دارایی 2024".

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، مووچەی مانگی حەوتی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
 
پێشتر حکومەتی عێراق مووچەی مانگی هەشتی بۆ هەرێمی کوردستان ناردبوو، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وەکو مووچەی مانگی حەوت دابەشی کرد.


#مووچە