دەنگوباس
جومانە غەلاى، وتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند "لە قۆناغى چاپکردنى کارتى دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانین".
وتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاماژەى بەوە کرد "لە ناوەڕاستى ئەم مانگەدا بەشى زۆرى ئامادەکارییەکانى کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تەواو دەبن".
وتەبێژى کۆمیسیۆن داواشى لە هاونیشتمانییان کرد سەردانى بنکەکانى تۆمارکردنى دەنگدەران بکەن و کارتى دەنگدان وەربگرنەوە".
روونیشیکردەوە "لە ئێستادا بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکە راهێنان لە 40 هەزار کارمەندى کۆمیسیۆن دەکرێت".
لەبارەى دوورخستنەوەى ژمارەیەک بەربژێریش جومانە غەلاى ئاماژەى بەوە کرد "لەقۆناغى وردبینیکردن لە بەربژێرەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان چەند بەربژێرێک دوورخرانەوە و ماوەى 3 رۆژ مۆڵەت درابوو بە لیستەکان کە شوێنگرەوەى بەربژێرە دوورخراوەکانیان پڕبکەنەوە".