کوردستان

وه‌زیرى به‌رگریى عێراق: زانیاریمان هه‌یه‌ خه‌ڵك له‌سه‌ماوه‌و ناسریه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان به‌په‌كه‌كه‌وه‌ كردووه‌

10/09/2024

ده‌نگوباس:

وه‌زیرى به‌رگریى عێراق زانیارییه‌كى گرنگ له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییكردنى هاوڵاتیان له‌شاره‌كانى عێراقه‌وه‌ به‌ڕیزه‌كانى په‌كه‌كه‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "زانیاریمان هەیە کەسانێک لەسەماوەو ناسرییەوە پەیوەندیان به‌په‌كه‌كه‌وه‌ كردووه‌".

 
سابت عەباسی وەزیرى بەرگریى عێراق ئاشكرایكرد، "گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا کراوەو وەک حکومەتى عێراقى لەهەوڵى ئەوەداین لەگەڵ تورکیا رێکبکەوین وەک چۆن لەگەڵ ئێران ڕێککەوتووین بۆ دوورخستنەوەى گرووپە دژبەرەکان لەسنوورو چەکداماڵینیان، تورکیاش داوایکردووە ئەو دۆخە بەو شێوەیە چارەسەربکەین کە لەگەڵ ئێران چارەسەرمان کردووە".
 
به‌وته‌ى وه‌زیرى به‌رگریى عێراق، بەگوێرەى بڕیارى دادگاى عێراق بارەگاکانى پەکەکە داخراون‌و فەرمانگەى پارتە سیاسییەکانى کۆمسیۆنیش چەند پارتێکى یاساغ کردووە.
 
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، شاندی باڵای ئەمنی عێراق‌و تورکیا 15ی مانگى ڕابردوو لەئەنكەرە لەسەر یاداشتێکى لێکتێگەیشتن ڕێککەوتن کە لەلایەن سابت عەباسی وەزیری بەرگریی عێراق‌و یاشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا واژۆکرا، یاداشتنامەکە لەبارەی هاوئاهەنگیی سەربازیی‌و ئەمنی‌و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر' بووە لەنێوان هەردوولا.
 
زانیارییه‌كانى سابت عه‌باسى له‌دیدارێكى ته‌له‌فزیۆنیدا ئاشكراكران‌و وتى:"حکومەتى عێراق  نیگەرانە بەرامبەر جوڵەى پەکەکەو هەوڵیان بۆ پەلکێشکردنى کەسانێک لەپارێزگاکانى دیکە بۆ نێو ڕیزەکانى، زانیاریمان هەیە لەناسڕیەو سەماوە کەسانێک پەیوەندییان بەپەکەکەوە کردووە".

سه‌باره‌ت به‌له‌شكركێشه‌كانى توركیاو هه‌ڵوێستى عێراق له‌به‌رامبه‌ریدا، عەباسی ئاشكرایكرد، "گوشارمان لەتورکیا کردووە ئەو ناوچانە ڕادەستی هێزى پێشمەرگە یان هێزەکانى سەر بەحکومەتى فیدڕاڵى بکاتەوە، کە لەشکرکێشیان بۆ کردووە، ڕەشنووسى ڕێککەوتێک هەیەو تورکیا ئامادەیی دەربڕیوە".


#پەکەکە