ده‌نگوباس:
وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا په‌یامێك له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانیه‌كان له‌ڕۆژئاواى كوردستان بڵاوده‌كاته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "سوورین له‌سه‌ر هه‌ڵوێست‌و بۆچوونه‌كانى پێشترمان‌و هه‌ڵوێستمان نه‌گۆڕاوه".
وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لەبارەى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن لەباکوورو ڕۆژهەڵاتى سووریا (ڕۆژئاواى كوردستان) ڕایگه‌یاند، "ئێمه بۆچوونمان لەوبارەیەوە جێگیرەو نەگۆڕاوە".
پێشتر ئەمریکا لەبارەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی سوریا ڕایگەیاندبوو، هەر هەڵبژاردنێک لەباکوورو ڕۆژهەڵاتى سووریا (ڕۆژئاواى كوردستان) پێویستە لەسەر بنەماکانی بڕیارنامەی 2254ى ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بێت، له‌و ڕووه‌شه‌وه بڕوایان وایە، ئەو مەرجانەی لەبڕیارەکەدا هەیە لەباکوورو رۆژهەڵاتی سووریادا جێبەجێناکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیابوو لەڕۆژى 11ى حوزەیرانى ئەمساڵ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى خۆسەر بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆى داواکاریى هەندێک لایەن بۆ دواخستنى، هەڵبژاردنەکە دواخرا، دیارترین لایەن لەهەڵبژاردنى ئەنجوومەن شارەوانییەکانى بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر 'هاوپەیمانى خەڵک‌و ژن بۆ ئازادى'یە، هاوکات ئەنجوومەنى نیشتمانیى کورد 'ئەنەکەسە' بایکۆتى هەڵبژاردنەکەیان کردووەو دەڵێت، بڕوایان وایە هەڵبژاردنێکى پاک نابێت.
له‌نوێترین بڕیاریشدا كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان ده‌سه‌ڵاتى به‌پارێزگاو كانتۆنه‌كان داوه، هه‌ركاتێكیان به‌گونجاو زانیى، هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ببه‌ن.
#ڕۆژئاوای کوردستان