کوردستان

حكومه‌تی هه‌رێم: پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی پشتیوانی خۆی بۆ (هه‌ژماری من) ده‌ربڕی

09/09/2024

دەنگوباس
مه‌سرور بارزانی و عه‌لی عه‌للاق، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عێراق كۆبوونه‌وه‌ و به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی حكومه‌تی هه‌رێمیش، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی پاڵپشتی خۆی بۆ "هه‌ژماری من" ده‌ربڕیوه‌.


ئه‌مڕۆ دووشەممە 9ی ئه‌یلولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کرد.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی حكومه‌تی هه‌رێم، مه‌سرور بارزانی، تیشکی خستووه‌تە سەر چاکسازییەکانی بواری بانکی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاماژەی بە پرۆژەی (هەژماری من) کردووه‌، کە تا ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە مووچەخۆرانی کەرتی گشتی تۆمارکراون و پێشبینی دەکرێت لە مانگی داهاتوودا مووچەی دووسەد هەزار کەس لە رێگەی (هەژماری من)ەوە بدرێت.

"هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پرۆژەکە و پشتیوانی و چاودێریی بانکی ناوەندی"، ئه‌مه‌ش به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، سەرۆکی حکومەت سوپاسی پارێزگاری بانکی ناوەندی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی تایبەتی خۆی لە (هەژماری من) و چاکسازییە بانکییەکانی حکومەتی هەرێم. 

حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌شی وتووه‌، هەروەها باسی لە گەشەکردنی خواستی دامەزراوە داراییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ هەماهەنگیکردن و پشتگیریکردن لە ستراتیژی حکومەتی هەرێم لە بواری داراییدا کرد.

خێراترکردنی گشتگیری دارایی لە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و هەنگاوەکانی بە دیجیتاڵیکردنی بانکەکان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.