دەنگوباس
ئالان لیچمان مامۆستای مێژووە لە زانکۆی ئەمریکا لە واشنتن، لە ساڵی 1984ەوە هەموو پێشبینییەکانی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا راست دەرچوون، تەنیا یەک جار نەبێت؛ ئێستاش دەڵێت، کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکان هەڵبژاردنەکەی 5ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ لە دۆناڵد ترەمپی کۆماری دەباتەوە و دەبێتە سەرۆک.
ئەم کەسە گرنگی بەوە نادات راپرسییەکان چی دەڵێن، بەڵکو پێوەرێکی تایبەت بە خۆی هەیە، کە لە 13 تایبەتمەندی پێکدێت، ئەگەر کاندیدی پارتی فەرمانڕەوا شەش تایبەتمەندی یان زیاتری تێدا نەبن، ئەوا کاندیدی رکابەر بە براوە دادەنێت.
ئالان لیچمان، مێژووناس دەڵێت، "من زۆر دڵنیام کە هاریس دەیباتەوە، چونکە پێوەرەکان بە ئاسانی ناگۆڕێن."
بەپێی پێوەرەکەی لیچمان، تەنیا سێ خاڵ لە بەرژەوەندیی ترەمپدان، ئەوانیش، لەدەستدانی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2022 لەلایەن دیموکراتەکانەوە؛ کشانەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستا و نەبوونی کارێزمایی لە کامالا هاریس دا.
بەڵام خاڵە بەهێزەکانی دیکە لە بەرژەوەندیی هاریسدان، دیارترینیان: گۆڕانکاریی گەورە لە سیاسەتی دیموکراتەکان، نەبوونی هیچ ئابڕووچوونێکی گەورەی وەکو ئەوانەی ترەمپ، هەروەها کشانەوەی رۆبەرت ئێف کێنێدی، کاندیدی سەربەخۆ لە کێبڕکێی هەڵبژاردن.