دەنگوباس
نەرمین مەعروف ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو مووچەیەی هەفتەی ڕابردوو خەرجکرا، هی مانگ هەشت بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، نەرمین مەعروف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق لە بنەڕەتتدا مووچەی مانگی 8ی خەرجکردووە، بەڵام لە هەرێم بۆ مووچەی مانگی 7 دابەشکرا، چونکە بەغدا کۆمەڵێک تێبینی لەسەر لیستی مووچەی مانگی 7 هەبووە و داوایانکردووە هەرێم ڕوونکردنەوەی لەسەر بدات.
نەرمین مەعروف باسی لەوەکرد، عێراق پێی وایە لەنێوان مانگەکانی (1 بۆ 6) پارەیەکی زیاتر بە بڕی 595 ملیار دینار بۆ هەرێم خەرجکراوە، هەر بۆیە تا ئێستا مووچەی مانگی 7 خەرج نەکراوە.
لەبارەی هاتنی شاندی ئابووری عێراق بۆ هەرێم ئەوەی خستەڕوو، هاتنی شاندەکە ئەرینییە و کاریگەری لەسەر لێنزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان هەیە، بۆئەوەی ئەو تێڕوانینی خۆیان لەبارەی ئەو کێشانەی کە ماوە بخەنەڕوو.
ڕاشیگەیاند، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە، دەبێت لەم ماوەیەکی نزیکدا لەسەر مووچەی مانگی ٧ بگەنە ڕێککەوتن، هاتنی شاندەکەش هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنی تێبینییەکان کە لەسەر لیستەکان هەیە و بووەتە هۆی لێبڕین و دواکەوتنی مووچە.