رۆژهەڵاتی ناوەراست

نوری مالکی داوا لە سودانی دەکات دەستلەکاربکێشێتەوە

09/09/2024

دەنگوباس
نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا داوا لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەکات، دەستلەکاربکێشێتەوە.


ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت، وردەكاری  بەڕێوەچوونی كۆبونەوەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی زانیووە، كە رۆژی (26) ئابی رابردوو بەڕێوەچووە، لە كۆبونەوەكەدا كۆنوسی لێكۆڵینەوەی یاسایی، لەبارەی تۆڕە سیخوڕییەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق خراوەتەڕوو، كە بە پێشنیازێكی  قورسی نوری مالكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بۆ محەمەد شیاع سودانی كۆتایهاتووە، بەوەی دەست لەكاربكێشێتەوە، لەبەرامبەر ئەوەی حكومەتەكەی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە نەكرێت.

سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە كۆبونەوەكەدا، گوێیان لە تۆماری دەنگی چەند كەسێك گرتووە، قسەیان لەبارەی كارو ئاڕاستەكردنیان كردووە لەلایەن باڵاترین لایەنی حكومییەوە، بۆ چاودێریكردنی سیاسی و بەرپرسە عێراقییەكان.

مالكی لە كۆبونەوەكەدا، مەرجی نیمچە مەحاڵی بۆ سودانی داناوە، لەبارەی دەستلەكارنەكێشانەوەی حكومەتەكەی بەهۆی ئەو ئابڕوبەرییەوە، لەبەرامبەردا سودانی رەتیكردووەتەوە بچێتە ژێر فشارەكان و، رایگەیاندووە: هێزی تەواوی هەیە بۆ روبەڕِوبونەوەی ئەوەی ناوی ناوە جەنگی قۆڵبادان. 

سودانی دوێنێ‌ لەوتارێكی تەلەفیزیۆنیدا، سەرلەنوێ‌ دەستكەوتەكانی حكومەتەكەی وەبیرهێناوە لەبوارەكانی گەشەپێدان و بە دەرفەتێكی وەسفكرد بۆ گێڕانەوەی متمانەی عێراقیەكان و، وتی: جەنگ دژی گەندەڵی بەردەوامە.